قه‌ده‌غه‌ى هه‌ڵگرتنى چه‌ك هۆكاره‌كه‌یه‌تى
"نزیكه‌ی یه‌ك مانگه‌ هیچ تاوانێكی كوشتن له‌ هه‌ولێر رووینه‌داوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 13/07/2018‌ :: 520‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی 23 رۆژه‌ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر هیچ تاوانێكی كوشتن رووینداوه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. 


دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان له‌ سێ رووداودا چوار تاوانی كوشتن روویاندا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی ده‌ركرد به‌وه‌ی، نابێت هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كان چه‌كی پێبێت و بۆئه‌مه‌ش ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی راسپارد ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كی نایاسايدا دابگرن. 

هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی قه‌ده‌غه‌كردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی چه‌كی نا یاسایی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 124 كه‌س ده‌ستگیركراون، ده‌ست به‌سه‌ر نزیكه‌ی 100 پارچه‌ چه‌كيشدا گیراوه‌". 

وتیشی "به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ له‌ 19ی حوزه‌یرانه‌وه‌ تاوه‌كو 12ی ته‌مووزی 2018، هیچ رووداوێكی كوشتن له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر رووینه‌داوه‌".
 
له‌باره‌ی هۆكاری روونه‌دانی هیچ تاوانێكی كوشتن له‌و ماوه‌یه‌دا وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌وه‌ته‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و له‌ناو ئۆتۆمبێل دراوه‌ تاوانی كوشتن نه‌ماوه‌، خه‌ڵكیش ئێستا ترسی هه‌یه‌ له‌وه‌ی چه‌ك هه‌ڵگرێت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت كه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ تاوانی كوشتن رووینه‌داوه‌. 

ناوبراو هۆشداریشیدا به‌وه‌ی، چه‌ك هه‌ڵگرتن به‌ هه‌موو جۆرێك قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ركه‌سێكیش چه‌كی له‌لا ببیندرێت یان له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دايبنێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure