ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌نجامده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 13/07/2018‌ :: 251‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13ى ته‌موز، سه‌رۆك كۆمارى هه‌ڵبژێردراوه‌ى توركیا یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى له‌ ئه‌نكه‌ره‌ى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌ به‌پێى سیستمى نوێ ئه‌نجامده‌دات كه‌ پێى ده‌وترێن "كابینه‌ى سه‌رۆك كۆمارى".


به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌ میدیاكانى توركیا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ پاش ئه‌نجامدانى نوێژى هه‌ینى مه‌راسیمێكى تایبه‌ت بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا ئه‌نجامده‌درێت و له‌دواى مه‌راسیمه‌كه‌ش ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌ سیستمى نوێى حوكمدارى كه‌ پێى ده‌وترێت "كابینه‌ى سه‌رۆك كۆمار" به‌ به‌شدارى 16 وه‌زیرى ئه‌نجامده‌دات.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسى كێشه‌ ئابورییه‌كانى توركیا به‌تایبه‌تیش دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى و گروپه‌ چه‌كداره‌ نه‌یاره‌كانى توركیا به‌تایبه‌تیش په‌كه‌كه‌ و پرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ تاوتوێ ده‌كرێن.

بڕیاریشه‌ له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ فه‌رمى ئیبراهیم كاڵن، وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى پێشوى توركیا وه‌ك وته‌بێژى كابینه‌ى سه‌رۆك كۆمارى ده‌ستنیشانبكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌دواى كۆتایهاتنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئاشكرا بكات.

ڕۆژى 24ى حوزه‌یران، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانى توركیا به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا ئه‌ردۆغان توانى به‌ به‌ده‌ستهێنانى زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى دووباره‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە