سه‌دان هەلی کار بۆ به‌شێك له‌ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان رادەگەیەنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2018‌ :: 29405‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
سەرۆکی کۆمەڵەی گەشت و گوزارناسانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، وڵاتی ئەڵمانیا بە هاوکاری رێکخراوەکەیان هەلی کار بۆ سەدان دەرچووی بەشەکانی گەشت و گوزار لەهەرێمی کوردستان دەرەخسێنێت، بە بڕی 400 دۆلار بۆ ماوەی پێنج مانگ.

سەلمان عوسمان برادۆستی، بەڕیوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی گەشت و گوزارناسانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند، وڵاتی ئەڵمانیا لەرێگەی کۆمەڵەی گەشت و گوزارناسانی کوردستان بە هەماهەنگی دەستەی گشتی گەشت و گوزار هەرێم هەڵدەستێت بە سازدانی خولێکی ڕاهێنان لەسەر سیستمی گۆمپانیاکانی گەشتیاریی، (پێشوازی هۆتێل، رێخەری ماڵ "هاوس کیبر"، کابتنی ریستۆرانت) بۆ دەرچوانی بەشی گەشت و گوزار لە زانکۆ و پەیمانگاکان".

وتیشی "ئامانجەکە بۆ زیاتر گرنگیدانە بە لایەنی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان و دەرفەتی کاریش بۆ سەدان دەرچووی بەشی گەشتوگوزار دەڕه‌خسێنرێت لەلایەن رێکخراوە ئەڵمانییەکە، خولەکە بۆ ماوەی چوار مانگه‌و بەشداربوو رۆژانە پێنج کاتژمێر و پێنج رۆژ لەهەفتەیەکدا دەوامی ئاسایی دەبێت و مانگانەش رێکخراوە ئەڵمانییەکە بڕی 400 دۆلاری پێدەدات".

رونێشکردەوە، دەرفەتەکە بۆ هەرسێ شاری هەولێر و دەهۆک و سلێمانیە، بەڵام ئێمە تەنیا سەرپەرشتی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین و سلێمانی و دەهۆک لە دەسەڵاتی ئێمە نییەو خودی بەرێوەبەرایەتییه‌كانی گەشت و گوزار سەرپەرشتی دەکەن. 

لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتن و ناونوسین وتی "ئێمە تەنیا لە هەولێر مەرجەکان دەزانین و لەسلێمانی و دەهۆک نایزانین چییه‌و چۆنە، ئەو کەسانەی فۆرمی بەشداربوون پردەکەنەوە لەهەولێر، دەبێت ئەندامی کۆمەڵەی گەشت و گوزارناسان بن، دەرچووەکان پشتگیری یان بڕوانامەی خۆی و ناسنامە و رەگەزنامەی پێبێت و رۆژی دووشەممە رێکەوتی 16 تەمموزی 2018 لە بارەگای کۆمەڵەی گەشت و گوزارناسان لە هەولێر شەقامی 40 مەتری بەرامبەر شارەوانی شەش لای بازاری لەنگە ئامادەبێت".

وتیشی "ئەوانەی دەرەوەی شاری هەولێر دەتوانن تا رۆژی یەکشەممە لەرێگای ژمارە مۆبایلی (07504483673) ناوی خۆیان تۆمار بکه‌ن و رۆژی دووشەممە سەردانی بارەگا بکه‌ن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure