ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی: لەهەولێر تەنیا سندوقی ئاواره‌كانی موسڵ ئەژماردەکرێنەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 12/07/2018‌ :: 450‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كانی هه‌ولێر، هیچ گۆڕانكارییه‌ك روونادات و ده‌ڵێت "ئه‌و سندوقانه‌ی تانه‌یان لێدراوه‌ هی ئاواره‌كانی موسڵن، نه‌ك بنكه‌كانی ده‌نگدانی هه‌ولێر".


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 12ی ته‌موزی 2018، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك دادوه‌رو چاودێری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و بیانی و چاودێرانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ست به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان له‌هه‌ولێر كرا. 

ژماره‌ی ئه‌و سندوقانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ست ئه‌ژمارده‌كرێنه‌وه‌، 215 سندوقن و له‌وانه‌ 139 یان سكاڵای شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌و 76 سندوقیشیان قردێله‌ی سووری لێدراوه‌.

له‌باره‌ی ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، خه‌سره‌و گۆڕان به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان له‌هه‌ولێر، هیچ گۆڕانكارییه‌ك روونادات، چونكه‌ سندوقی ئاواره‌كانی موسڵن نه‌ك هی بنكه‌كانی ده‌نگدانی هه‌ولێر".

وتیشی "به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كان تایبه‌ت و مه‌رجدارو كه‌مێك ئاڵۆز بوون، بۆیه‌ سكاڵای زۆری له‌سه‌ر تۆماركراوه‌".

به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی، رونیكرده‌وه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئه‌ژمارده‌كرێنه‌وه‌ ناگانه‌ ده‌یان هه‌زار ده‌نگ، بۆیه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك روونادات، ده‌ڵێت "وه‌كو چۆن له‌ پارێزگاكانی كه‌ركووك و سلێمانی له‌دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌و سندووقانه‌ی تانه‌یان له‌سه‌ر بووه‌، ٩٣% و ٩٤% یه‌كسانبوون به‌ ژماردنی ئه‌لیكترۆنی، بۆیه‌ له‌ هه‌ولێریش رێژه‌ی یه‌كسانی هه‌ردوو ژماردنه‌وه‌كه‌، زیاتریش ده‌بێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure