وەزیری تەندروستی: تای خوێنبەربوون کۆتاییهاتووە

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2018‌ :: 846‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەختیار شەریف
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم کۆتاییهاتووە.


ئەم وتانەی رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی هەرێم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تەمموزی 2018 لەقەزای چەمچەماڵ ئەنجامیدا و رایگه‌یاند "لە هەرێمی کوردستان تەنها یەک حاڵەت تۆمارکرابوو لەهەولێر، ئێستا چارەسەرکراوە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵ، لە سلێمانی-ش گومان لەحاڵەتێک هەبوو، ئەنجامی پشکنینەکەی گەڕاوەتەوە و تای خوێنبەربوون نەبووە، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە تای خوێنبەربوون کۆنتڕۆڵکراوە و نەماوە".

وتیشی "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ تەنسیقمان هەیە و ئەوان هەڵمەتی رشاندن و پاککردنەوەی ئاژەڵ دەستپێدەکەن و وەزارەتی دارایی بودجەی پێویستی بۆ دابینکردووە".

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ سەبارەت بە هاندانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی وەزیری تەندروستی رایگەیاند "داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە، ئەوانیش بەڵێنیانداوە هەرکات بودجەی پێویست بێتە بەردەستیان بۆمان دابینبکەن".

سەبارەت بەداخستنی سەنتەری گورچیلەکان وتی "ئەو پێویستییانەی بۆ گورچیلە شوشتن بەکاردێن بۆ شوێنەکانی تریش راگیراوە نەک تەنها لە چەمچەماڵ".

هاوكات ده‌رباره‌ى لابردنى سیستمی پاشەکەوتی مووچەی وەزارەتەکەی رایگەیاند "نەمانی سیستمی پاشەکەوت کێشەیەکە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەجددی لەسەر خەتن و لەگەڵ باشبوونی باری دارایی و هەوڵەکانی چاکسازی، پاشەکەوت نامێنێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure