چوار لایه‌ن بایكۆتی ژماردنه‌وه‌ی دەستیی ده‌نگه‌كانیان لەهەولێر كرد

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2018‌ :: 447‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
هه‌ریه‌كه‌ له‌ گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی هۆڵی شادییان جێهێشت و ژماردنه‌وه‌ی دەستیی ده‌نگه‌كانیان بایکۆتكرد. 


قاسم گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی دەزگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 12ی ته‌مموزی 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ چاوبه‌ستكردنی خه‌ڵكه‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی پێشووی ده‌نگه‌كان نابێت. 

وتیشی "هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه‌ پێمانوایه‌ ده‌ستكاری رێژه‌ی ده‌نگه‌كان كراوه‌ و پڕۆسه‌كه‌ له‌ سه‌رەتاوه‌ تاوه‌كو كۆتایی به‌ ناشه‌فاف و ساخته‌كارییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌".

ئه‌مڕۆ جیاكردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و چاودێرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و بیانى و چاودێرى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ده‌ستیپێكرد. 

بڕیاروایه‌ ئه‌و چوار لایه‌نه‌ كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ رابگه‌یه‌نن.

پڕۆسه‌كه‌ له‌ هۆڵى شادى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ژماره‌ى ئه‌و سندوقانه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ست هه‌ژمارده‌كرێنه‌وه‌ 215 سندوقه‌ له‌وانه‌ 139یان سكاڵاى شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ى له‌سه‌ره‌ و 76 سندوقیشیان قردێله‌ى سوورى لێدراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure