ئه‌مڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 12/07/2018‌ :: 296‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر و زریان 
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ی تەمموزی 2018 جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک بکات کە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان یەکێک دەبێت لە تەوەرەکان.


زمناکۆ جەلال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند، بڕیارە کاتژمێر 11ی ئەمڕۆ کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی ئەنجامبدرێت.

وتیشی "کۆبونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە لەبارەی ژماردنەوەی دەستیی بەشێک لە دەنگەکان".

ئەوەشی وت "گفتوگۆدەکەین لەبارەی چۆن ئامادەکاری بکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان و هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەو حزبە، دوێنێش دوور لە چاوی میدیاکان جڤاتی گشتی گۆڕان لەسەر گفتوگۆکردن دەربارەی ئەم پرسانە کۆبوەتەوە.

هاوكات حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانى گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند "کۆبونەوەکەی ئەمڕۆمان لەسەر دوو بابەتە بابەتی یەکەم ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە له‌گه‌ڵ شێوازەکانی خۆئامادەکردن و چۆنیەتی کارکردنمان بۆ ئەو پڕۆسەیە،  بابەتی دووەمیش لەدوای ئەو ھەڵبژاردنەی تێمانپەڕاند ھەڵسەنگاندن ده‌كه‌ین بۆ کارەکانی پێشوو".

وتیشى "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەلای ئێمەوە تەوەرێکی زۆر گرنگە بۆ بەھێزکردنی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، باس لەخۆڕێکخستنەوە بزوتنەوەکە دەکرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure