وەزارەتی تەندروستی؛ مانگانە ٦ ملیار دینار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرین

هەواڵ / ئابوری :: 12/07/2018‌ :: 259‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشكراى ده‌كات، كه‌ کێشەی کەمی دەرمانیان هەیە، چونکە بەغدا وەک پێویست هاوکار نیە، بۆیە مانگانە بڕی ٦ ملیار دینار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، بۆ کڕینی دەرمان و کەلوپەلە پزیشکییە گرنگەکان
.

دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند "بەغدا بۆ ناردنی دەرمان وەک پێویست هاوکاریمان ناکات، تەنیا چەند بەشێک و جۆرێکی دەرمان دەنێرێت، کە زۆر کەمترە لە پێداویستی وەزارەتمان، بۆیە مانگانە ٦ ملیار دینار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرین، بەڵام ئەوه‌ش به‌شى گشت دەرمانەکان ناکات".

دەشڵێت "چەندینجار داوامان لە بەغدا کردووە هاوکارییه‌كانمان زیاتر بکات، بەڵام لە وەڵامدا پێیان وتووین، کە  ئەوانیش كێشەیان هەیە و ناتوانن دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکانی خوار و ناوەڕاست دابین بکەن".

رونیشیکردەوە، "حکومەتی عێراق مانگانە تەنیا بەشێک لە دەرمانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان رەوانە هەرێم دەكات، بەڵام بەهۆی فشاری زۆر و ئاوارەکان پێویستیەکانی هەرێم پڕناکاتەوە، ناچارن لەڕێگای ئەو ٦ ملیار دینارەی بەشێکی خۆمان بیکڕین، کە وەزارەتی دارایی هەرێم دەیدات بە وەزارەتی تەندروستی".

خاڵس قادر، هێما بۆ ئەوەش دەکات "بەو ٦ ملیارد دینارە بەشێک لە دەرمان و پێداویستیە گرنگەکانی پزیشكی بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دەکڕین تا کەرتی تەندروستی پەکی نەکەوێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure