به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما كاریگه‌رى جیاجیا له‌سه‌ر جه‌سته‌ دروستده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/07/2018‌ :: 860‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئه‌گه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كى گشتى مایه‌ى ناڕه‌حه‌تى بێت ئه‌وا هۆكارێكى سه‌ره‌كى بۆ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییانه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى مرۆڤ هه‌یه‌تى، شاره‌زا و پسپۆڕانى بوارى هه‌ناو و پێستیش كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كان و چۆنیه‌تى خۆپاراستن له‌ گه‌رما ئاشكراده‌كه‌ن.


ساڵانه‌ له‌ هه‌ردوو مانگى ته‌مموز و ئاب پله‌كانى گه‌رما له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌نه‌ به‌رزترین ئاست، ئه‌مه‌ش سه‌باره‌ت به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ كاریگه‌رى جۆراوجۆر دروستده‌كات.

یه‌كه‌م به‌ركه‌وته‌ى مرۆڤ له‌گه‌ڵ تیشكى خۆر و گه‌رمادا له‌رێگه‌ى پێستییه‌وه‌ ده‌بێت و دواتریش به‌شه‌كانى ترى له‌ش، هه‌ر بۆیه‌ زۆرجار رووبه‌ڕووى نه‌خۆشى و كێشه‌ى جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌زایان رێگاچاره‌كان به‌ ئاسان ناوده‌به‌ن.

بنار جه‌مال، پزیشكى پسپۆڕى بوارى نه‌خۆشییه‌كانى هه‌ناوى له‌ شارى پزیشكیى فاروق ده‌ڵێت "كاتێك پله‌ى گه‌رما ده‌گاته‌ سه‌روو 40 پله‌ به‌تایبه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێك یان هه‌ر كه‌سێك بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك له‌به‌ر تیشكى خۆردا بێت، كاریگه‌رییه‌كى زۆر خراپى ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ نه‌خۆشى دڵ و گورچیله‌ و گه‌ده‌ و ریخۆڵه‌یان هه‌یه‌".

ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتیشى "كاتێك ئه‌و خۆره‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ مرۆڤ ده‌دات تووشى كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانى خۆر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشه‌ى گورچیله‌ و گه‌ده‌ و ریخۆڵه‌یان هه‌یه‌ یاخود جۆرێك له‌ وشكبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌ 65 ساڵ زیاتره‌، ره‌نگه‌ له‌ماوه‌ى مانه‌وه‌ى كاتژمێرێك له‌به‌ر تیشكى خۆردا، گاریگه‌رییه‌كه‌ى خراپتریان له‌سه‌ریان هه‌بێت".

دكتۆر بنار سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر و خۆپاراستن ده‌ڵێت "هه‌وڵبدرێت خۆ به‌دووربگیرێت له‌ تیشكى راسته‌وخۆى خۆر، هه‌روه‌ها رۆژانه‌ به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ نزیكه‌ى 2 لیتر ئاو پێویسته‌ بخورێته‌وه‌".

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گه‌رما زیاتر كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌ردوو گورچیله‌ و ماسولكه‌ هه‌یه‌ و "ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رمڵ و به‌ردى گورچیله‌ دروستبكات و به‌هۆى وشكبوونه‌وه‌یان به‌باشى كارنه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ماسولكه‌كانى له‌ش شیده‌كاته‌وه‌ و رێژه‌ى سۆدیۆم كه‌م و زۆر ده‌بێت، یاخود رێژه‌ى پۆتاسیۆم و كالسیۆم زۆر ده‌بێت، ئه‌مانه‌ هه‌مووى كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر مێشك و جه‌سته‌ و كاره‌بایى دڵ".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئافره‌تى دووگیان تیشكى خۆر به‌ئاسانى كاریگه‌ریى له‌سه‌ریى هه‌یه‌، نابێت زیاتر له‌ یه‌ك كاتژمێر له‌به‌ر تیشكى خۆردا بێت، هاوكات نزیكه‌ى 3 لیتر ئاو بخواته‌وه‌، چونكه‌ منداڵه‌كه‌ش پێویستى به‌ وه‌رگرتنى ئاو هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى گه‌رما و تیشكى خۆر له‌سه‌ر پێست و چۆنیه‌تى خۆپاراستن، سێنه‌ر تاڵه‌بانى، پزیشكى پسپۆڕى پێست ده‌ڵێت "به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما زیاتر كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر پێست هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت سووتانه‌وه‌ى ژێر باڵ، جگه‌له‌وه‌ روومه‌ت تووشى ماڵه‌ ده‌كات، پێست گه‌وره‌ترین ئه‌ندامى مرۆڤه‌ كه‌ ته‌به‌قه‌ى ده‌ره‌وه‌یه‌، بۆیه‌ گه‌رما و تیشكى خۆر یه‌كه‌مجار له‌ پێست ده‌ده‌ن و دواتر ئه‌ندامه‌كانى ترى جه‌سته‌".

دكتۆر سێنه‌ر باسى له‌وه‌شكرد، باشتره‌ كرێمى دژه‌ خۆر به‌كاربهێنرێت به‌تایبه‌ت "ئه‌و كه‌سانه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌به‌ر خۆردا كارده‌كه‌ن ده‌بێت كڵاو له‌سه‌ر بكه‌ن، كه‌متر جلوبه‌رگى كورت له‌به‌ر بكه‌ن". بۆ كچانیش له‌كاتى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رمادا "مه‌یكه‌پ و كرێم به‌كارنه‌هێنن. به‌ڵام باشتره‌ 30 خوله‌ك پێش ئه‌وه‌ى بچیته‌ ده‌ره‌وه‌ دژه‌خۆر به‌كاربهێنیت، تاوه‌كو پێست هه‌ڵى بمژێت". 

جۆرى خواردن-یش له‌كاتى به‌رزبوونه‌وى پله‌كانى گه‌رمادا كاریگه‌ریی راسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ یوسرا كه‌مال پزیشكى پسپۆڕى بوارى خۆراك له‌ شارى پزیشكیى فاروق بۆمان روونده‌كاته‌وه‌ "ئه‌و خواردنانه‌ سوودیان هه‌یه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر ئاویان تێدایه‌، بۆ نموونه‌ شووتى و خه‌یار و كاڵه‌ك، ئه‌گه‌ر زۆرتر ئه‌مانه‌ بخورێت له‌ش له‌ وشكبوونه‌وه‌ ده‌پارێزێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ى ئاوى به‌رده‌وام، به‌ڵام نابێت له‌ دوو لیتر ئاو كه‌متر بخورێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ كێشى له‌شى زۆر بوو ده‌بێت زیاتر بخواته‌وه‌".

دكتۆر یوسرا ده‌ڵێت "گرنگه‌ چاو و قاوه‌ و نیسكافه‌ كه‌متر بخورێته‌وه‌ چونكه‌ میزى زیاتر به‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاوى زیاتر له‌ له‌شدا بڕوات، بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌یاندا ئاوی پێویست بخورێته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure