هەولێر: کۆنفرانسێکی تایبەت بە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بەڕێوەچوو

هەواڵ / کوردستان :: 11/07/2018‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ تەمموز کۆنفرانسی (ستراتیجیەتی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) کە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بە هاوکاری ئەنستیوتی ریفۆرم لە هەولێر ئەنجامدرا و ماوەی یەک رۆژی خایاند، لە کۆنفرانسەکەدا بەروردی گفتوگۆ لەسەر رێکار و بنەماکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرا.


 ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، لە کۆنفرانسەکەدا وتى "دەستەکەمان پلانی تایبەتی هەیە بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی، كە هەشت سێكتەر لە خۆی دەگرێت و سەرەتاش لە حكوومەتە خۆجێییەكانەوە دەستپێدەكەین هەرچەندە دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە ستراتیجێكی تایبەت بە رێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نەکرا و دواکەوت". 

رونیشكرده‌وه‌ "پلانمان هەیە بۆ ئەوەی کەمترین رۆتین و گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا هەبێت بۆ ئەوەش رێگای تایبەتمان هەیە بۆ ئەنجومەنە خۆجێیەکان و بەجۆرێک دەمانەوێت رێکخستنێکی نوێ لە کارگێری و بەرێوەبردندا بکەین، بۆ ئەوەی حكوومەتە خۆجێیەكان وەك خۆیان دەسەڵاتیان هەبێت و سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایییان هەبێت یان دەبێت شێوازێكی تر لە بەڕێوەبردن دیاری بكرێت تا بتوانن باشترین کاربکەن لە دەزگاکاندا".

وتیشی"ماوەی چەند ساڵێکە بەجدی هەوڵی زۆرمانداوە لەگەڵ رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی کاری هاوبەشبکەین و گرنگی بەهەرێمی کوردستان بدەن بەتایبەت لە پرسی رووبەروبەنەوەی گەندەڵی، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست نەبووە و هاوکاری پێویست نەكراوین".

هاوكات دانا سەعید سۆفی، سەرۆکی ئنستیوتی ریفۆرم لەبارەی کۆنفرانسەکەوە بە دواڕۆژی راگەیاند، ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان گرنگە و دەبێت کاری بۆ بکرێت و ئێمەش بەهەموو شێوەیەک ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگین بۆ ئەوەی بتوانین گەندەڵی و رۆتین لەهەرێمی کوردستان کەمبکەیەنەوە".

جه‌ختیشكرده‌وه‌ كه‌ ئەوە رووبەرووبوونەوەیە بەتەنیا بە دەزگایەک و دووان ناکرێت، دەبێت گشتگیر بێت و هاوکاری و هەماهەنگی گشتی لە نێوان لایەنەکاندا هەبیت و بتوانن رێگری لێبکەن و کەمیبکەنەوە، ئەو ستراتیژیانەی کە راگەیاندراون گرنگ و دەبێت بەوردی کاری لەسەر بکرێت".

ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە ئامادەکراوە لەلایەنه دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە دووەمین سێكتەر كە حكوومەتە خۆجێییەكان بوو گفتوگۆی لەسەر كرا، ئامانجی لەناوبردنی گەندەڵی و هێنانە ئارای شەفافییەت لە دامەزراوەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە