داوادەکرێت ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەغەبکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 12/07/2018‌ :: 339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
داوا لەحکومەتی هەرێم دەکرێت ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەغە بکات  سه‌رۆكى كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانیش ده‌ڵێت، بەرھەمی ناوخۆیی بازاڕی کوردستانی پڕکردۆتەوە.


دڵشاد مستەفا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە دواڕۆژی وت "کێڵگە پەلەوەرییەکان لەڕووی بەرھەمھێنانەوە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەشی ناوخۆمان دەکات بەزیادەوە، مانگانەش بڕێکی باشی لێ ھەناردەدەکەین بۆ شارەکانی خواروی عێراق".

وتیشى "حکومەت ھیچ ھاوکارییەکی کێڵگە پەلەوەرییەکان ناکات لەڕووی دابینکردنی دەرمان و خۆراک، وە زۆرجار گرفتە بۆمان کە رێگری ناکەن لە بەرھەمی تورکی و بەرازیلی کە دێتە کوردستان بۆیە پێویستە حکومەت نەھێڵێت ئەو مریشەکە بەستوانە بێتە کوردستان کە سەرچاوەکانیان دیارنیە کە ئایا ئەو مریشکانە چۆن بەرھەمھێنراون".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەگەر حکومەت گرنگی بەم کەرتە بدات ئەوا دەتوانێت وەک نەوت چاوی لێبکات، چونکە کۆمەڵێک پێداویستی دیکە ھەیە کە ھاووڵاتیان و جوتیاران سەرقاڵ دەکات بە کارکردنەوە بۆ بەرھەمھێنانی پێداویستییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان".

لەئێستادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 668 کێڵگەی پەلەوەری ھەیە تێکڕای بەرھەمھێنانیان لە مانگێکدا 7 ھەزار تەنە و بەشێکی بۆ شارەکانی خواروی عێراق دەڕوات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure