سینەما بۆ ئاوارەکان دادەنرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 10/07/2018‌ :: 108‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەمەبەستی هاوکاریکردنی دەرونی و رەخساندنی کەشێکی ئارام و بێبەش نەبوونی ئاوارەکان لە دونیای فیلم و سینەما، بڕیارە ٢٥ سینەما لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێت و فیلم و دراما بۆ ئاوارەکان پەخشبکرێت.


بڵند بریفكانی، سەرۆكی رێكخراوی هاوكاری كوردی ئەمریكی، کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات و لەئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو پڕۆژەیە، بە دواڕۆژی راگەیاند "بەهەموو شێوەیەک هاوکاری ئاوارەکان کراوە و بەردەوامیش دەبین، نابێت ئەوان هەست بە ئاوارەی بکەن لە کامپەکاندا، چونکە لە بارودۆخێکی خراپ رایانکردوە بۆ ژیانێکی ئاسایی، بۆیە دەمانەوێت سینەما ببیەنە 25 كەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان".

وتیشی "ئامانجمان لەو هەنگاوە ئەوەیە تا لەرێگەی ئەو سینەمایانەوە لەناو کامپەکان، كەشێكی دەرونی ئاسایی و ئارام و نوێ‌ بۆ ئاوارەکان و دانیشتوانی ناو كامپەكان دروست بكەین، نابێت لە بینی فیلم و سینەما کە بەشێکی بەردەوامی ژیانە بێبەش بن".

ئاماژەی بەوەشدا "دانانی سینەماکان لەم ماوەیەدا دەستپێدەکات و سەرەتاش لە كەمپی دۆمیز دەست پێدەكەین تا سەرجەم کامپەکان تەواو دەبن، دەمانەوێت هاوشێوەی کامپەکانی تری وڵاتان لێرەش هەبێت چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو شتی کردوە بۆ کامپەکان لە خزمەتگوزاری و پێداویستی تەنیا ئەوە ماوە ئێمەش ئەوە دەکەین".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure