"وه‌ستانى نه‌وتى كه‌ركوك زیانى زیاتر له‌ 4 ملیار دۆلارى له‌ عێراق داوه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 10/07/2018‌ :: 408‌ جار بینراوە
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆى وه‌ستانى نه‌وتى كه‌ركوك-ه‌وه‌ زیانى زیاتر له‌ 4 ملیار دۆلار به‌ر عێراق كه‌وتووه‌. عه‌سكه‌رى ده‌شڵێت "هه‌رێم پاره‌ى پترۆ دۆلار قه‌رزارى پارێزگاى كه‌ركوكه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى فرۆشتن و داهاتى نه‌وت نهێنى بووه‌، بۆیه‌ نازانرێت بڕه‌كه‌ى چه‌نده‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ حسابى نه‌جمه‌دین كه‌ریم-یشه‌، هه‌رێم نایداته‌وه‌ به‌ پارێزگا".


دواڕۆژ: له‌ئێستادا چه‌ند به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنرێت و هه‌نارده‌ ده‌كرێت؟ له‌ كام كێڵگه‌ و بۆ كوێ ده‌نێردرێت؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: نه‌وتى كه‌ركوك هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ناكرێت، ئه‌گه‌ر بڕیاربدرێت نه‌وت هه‌نارده‌بكرێت، ده‌بێت له‌ رێگه‌ى بۆریى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ ته‌نیا به‌رهه‌مده‌هێنرێت و ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوتگه‌كانى ناوخۆ، رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوگه‌ى كه‌ڵه‌ك، 30 هه‌زار به‌رمیل بۆ بازیان و 56 هه‌زار به‌رمیلیش بۆ كه‌ركوك، جگه‌له‌وه‌ش 30 هه‌زار به‌رمیل ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوتگه‌ى بێجى و 20 هه‌زار به‌رمیلیش بۆ به‌غدا. 

دواڕۆژ: نێچیرڤان بارزانى ده‌ڵێت "به‌هۆى وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى بۆریى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانى جیهان، زیانى 3 ملیار و 500  ملیۆن دۆلار به‌ عێراق كه‌وتووه‌" تاچه‌ند ئه‌و ژماره‌یه‌ راسته‌؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: بڕه‌كه‌ى له‌وه‌ زیاتره‌، چونكه‌ پێش رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر رۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ دوو كێڵگه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌ستى كۆمپانیاى نه‌وتى باكور و كار-دا بوون هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرا، ئه‌گه‌ر نرخى ناوه‌ند له‌ بازاڕى ئێستادا بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت وه‌ربگرین 4 ملیار و 320 ملیۆن دۆلار زیان به‌ر عێراق كه‌وتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر رۆژێك هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بوه‌ستێت زیانه‌ بۆ عێراق و هه‌روه‌ها بۆ كه‌ركوك و هه‌رێمى كوردستانیش. 

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كان ده‌وترێت حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پترۆدۆلارى پارێزگاى كه‌ركوك قه‌رزاره‌، راسته‌؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: پێشتر مانگانه‌ هه‌رێم 10 ملیۆن دۆلارى ده‌دا به‌ پارێزگاكه‌، ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌، نازانرێت چه‌ند نه‌وتیان هه‌نارده‌ كردووه‌ و چه‌ند پاره‌یان داوه‌ به‌ كه‌ركوك، چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ نهێنى بووه‌، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ حكومه‌تى هه‌رێم زۆر له‌و بڕه‌ زیاترى بدایه‌ به‌ كه‌ركوك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێموایه‌ قه‌رزاره‌.

دواڕۆژ: به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركوك له‌ده‌ستى هه‌رێم یان ناوه‌ند بێت، كامیان باشتره‌؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: له‌ده‌ستى هه‌رێمى كوردستان بێت باشتره‌، چونكه‌ مانگانه‌ 10 ملیۆن دۆلاریان پێده‌داین، ئێستا به‌غدا هیچمان ناداتێ.

دواڕۆژ: باس له‌وه‌ ده‌كرێت بڕى 53 ملیۆن دۆلار له‌ داهاتى پترۆدۆلار خراوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابى نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ بانكى كوردستان، ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆ نادرێته‌وه‌ به‌ پارێزگاكه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: گوایه‌ راكان سه‌عید پارێزگارى كه‌ركوك، بۆ قه‌زاى حه‌ویجه‌ى خه‌رج ده‌كات نه‌ك بۆ كه‌ركوك و چاودێریشیى له‌سه‌ر نییه‌، بۆیه‌ نادرێته‌وه‌ به‌ پارێزگاكه‌، پێشتر به‌داخه‌وه‌ زانیارییان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێنه‌داوین.

 

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كان داعش گه‌یشتووه‌ته‌ ناوچه‌كانى خوارووى كه‌ركوك، تاچه‌ند مه‌ترسیى بۆ سه‌ر پاڵاوگه‌ و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى باشورى شاره‌كه‌ دروستبووه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: هاتنى داعش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ هه‌موو شاره‌كه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو كه‌ركوكدا ئۆتۆمبێلى خۆكوژییان ته‌قانده‌وه‌، بۆیه‌ مه‌ترسیى بۆ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانیش دروست بووه‌، چونكه‌ ته‌نانه‌ت له‌و ناوچانه‌ى هێزى ئه‌منیشى تێدایه‌ ده‌ستى خۆیان وه‌شاندووه‌.

دواڕۆژ: ئایا پێكنه‌هێنانى حكومه‌تى عێراق وايكردووه‌ كه‌س خۆى نه‌كات به‌ خاوه‌نى كێشه‌ ئیدارى و نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: هه‌ر كاتێك كه‌ركوك بودجه‌ و پاره‌ى باشى هه‌بێت، ئاشتى تێدا به‌رقه‌راره‌، له‌ئێستادا شاره‌كه‌ بێ كاره‌با و بێ مووچه‌یه‌ و دامه‌زراندن نییه‌، هه‌روه‌ها خۆڵ و خاشاكێكى زۆرى تێدایه‌ و كێشه‌ى خزمه‌تگوزاریى گشتى و رێگه‌وبانى هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌هۆى بڕینى بودجه‌ و میزانییه‌ى كه‌ركوكه‌، پرسى كه‌ركوك بابه‌تێكى سیادییه‌ بۆیه‌ حكومه‌ت به‌ جدیى كارى له‌سه‌ر ناكات.

دواڕۆژ:  ئایا لایه‌نێكى هه‌رێم ده‌ستى له‌ به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنى نه‌وتى كه‌ركوك هه‌یه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: تائێستا له‌ژێر ده‌ستى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقدایه‌، به‌ڵام هه‌رێمیش له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاى كار-ه‌وه‌، كه‌ پاڵاوتگه‌ى كه‌ڵه‌ك-ى هه‌یه‌، رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كه‌ركوك وه‌رده‌گرن.

دواڕۆژ:  ئایا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ى رۆژانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: هیچى بۆ كه‌ركوك ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئێمه‌ ته‌نیا مافى پتڕۆ دۆلارمان هه‌یه‌ و ئه‌ویشمان ناده‌نێ.

دواڕۆژ، ناكۆكییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركوك چین؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: یه‌كێك له‌ گرفته‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌تایبه‌ت به‌لاى پارتی دیموكراتى كوردستان-ه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ى نه‌وته‌. پارتى ده‌یه‌وێت هه‌نارده‌ى بكات، حكومه‌تى عێراق رێگره‌ له‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى بۆریى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نه‌وتى كه‌ركوك هه‌نارده‌ى بازاڕه‌كانى جیهان بكرێت. هاوكات حكومه‌تى عێراق هێڵێكى نه‌وتى نوێ دروستبكات باشتره‌ له‌وه‌ى پاره‌ له‌ چاككردنه‌وه‌ى بۆرییه‌ رزیوه‌كانیدا خه‌رج بكات.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ بۆچى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كۆنابێته‌وه‌؟

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: به‌شێك له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ناو كه‌ركوك ده‌وامى رۆژانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ پێكناهێنن تا كۆببنه‌وه‌، به‌شه‌كه‌ى ترى له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌یه‌ كه‌ به‌وانه‌وه‌ زۆرینه‌ ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام ئاماده‌نین بێنه‌وه‌ بۆ شاره‌ و كۆبوونه‌وه‌ بكرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure