کۆمسیۆن ئاگادارییەک ئاڕاستەی حزب و قەوارەکانی هەولێر دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2018‌ :: 281‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە 10ى تەمموزی 2018 کاتژمێر 5:30ى ئێوارە، نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ ئاگاداربوون لە گواستنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بۆ هۆڵی تایبەت بە ژماردنەوەی دەنگەکان.


عەلی قادر، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، بەدواڕۆژی راگەیاند "بەفەرمی لەلایەن کۆمسیۆنی عێراق ئاگاداری لقەکەمان کرایەوە، کە رۆژی شەممە ١٤ تەمموزی ٢٠١٨ ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان بۆ ٢١٩ سندوقی دەنگدان لە شاری هەولێر دەکرێت، کە سەرجەمیان سکاڵایان لەسەرە".

وتیشی "بۆ ئەوەی لایەنەکان ئاگاداربن و ناڕەزایەتی دەرنەبڕن ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ تەمووزی ٢٠١٨ سەرجەم ئەو سندوقانەی سکاڵایان لەسەرە لەسایلۆی هەولێرەوە دەگوازرێنەوە بۆ هۆڵی شادی بۆ ژماردنەوە بەدەست، بۆیە داوامان وایە حزب و قەوارەکان بەفەرمی کاتژمێر پێنج و نیوی ئەمڕۆ نوێنەری خۆیان بنێرن، تا لەکاتی گواستنەوەی سندوقەکان ئاگاداربن".

هەفتەی رابردوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان لە کەرکوک دەستیپێکرد و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەدا، هەروەها لەسلێمانیش کۆتایی هاتووە، بڕیارە رۆژی شەممە لە هەولێریش دەستپێبکات و ٢١٩ سندوقی دەنگدانی ١٢ی ئایار ژماردنەوەی دەستییان بۆ بکرێت کە سکاڵایان لەسەرە. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure