نوێنه‌رى UN: سه‌رسامم به‌ پیشه‌ییبوونى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2018‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن رایده‌گه‌یه‌نێت سه‌رسام بووه‌ به‌ پیشه‌ییبوونى پرۆسه‌ى ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان له‌ سلێمانى، داواش له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ناڕازییه‌كان ده‌كات له‌جیاتى بایكۆت چاودێرى پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ى ته‌مموز ئالیس وۆڵپول، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن سه‌ردانى هۆڵى یانه‌ى ئاشتى كرد له‌ سلێمانى كه‌ به‌شێك له‌ سندوقه‌كانى ده‌نگدانى تێدا به‌ده‌ست ئه‌ژمارده‌كرێته‌وه‌.

ئالیس وۆڵپول له‌پاش به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ له‌به‌رده‌م هۆڵى ئاشتى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، وتى "رێكخراوی یونامی پابه‌ندبوونێكی بۆ خۆی دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ سلێمانی و كه‌ركوك و به‌غدا بكات".

وتیشى "سه‌ره‌تا له‌ كه‌ركوك ده‌ستیپێكرد، دواتر له‌ سلێمانی و به‌غدا، شاره‌زایانی هه‌ڵبژاردنى سه‌ر به‌ یونامی له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌وه‌ لێره‌ بوون، من ده‌رفه‌تێكم هه‌بوو قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكه‌م و پرسیاریان لێبكه‌م و راوبۆچوونی ئه‌وان بزانم له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌، هه‌م ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی سه‌ر به‌ یونامی، هه‌م ئێمه‌ وه‌كو یونامی سه‌رسام بووین به‌ پیشه‌ییبوونی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌".

ئالیس  ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "توانیمان ئه‌و كه‌سانه‌ش بدوێنین كه‌ كاری جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان ئه‌نجامداوه‌، زۆر رازیبوون له‌ پرۆسه‌كه‌و پیشه‌ییانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌".

له‌باره‌ی بایكۆتی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناڕازییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، وتى "من ئاگادارم دوێنێ زۆر له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانییان ده‌ربڕی و بایكۆتی چاودێریی پرۆسه‌كه‌یان كرد، من لێره‌وه‌ بانگهێشتیان ده‌كه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ماوه‌ بتوانن لێره‌بن و چاودێریی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، هاوكات ده‌رگاش بۆ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و نوێنه‌ران و چاودێرانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كراوه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن".

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ران كه‌ سه‌رپه‌رشتی و رێكخه‌ری پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌  هه‌موو ئه‌و سندوقانه‌ی تانه‌یان لێدراوه‌ هه‌مووی پێداچوونه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت و جارێكی دیكه‌ جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌یان به‌ده‌ست بۆ ده‌كرێت".

ئالیس وۆڵپول باسى له‌وه‌شكرد "ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان پێ بڵێم، ئێمه‌ وه‌كو یونامی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ دڵنیابین كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێك و راست به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان چۆنن و جیاوازییه‌كان چییه‌، ئه‌وه‌ی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانییان هه‌یه‌و به‌ شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ رازی نین، من پێیان ده‌ڵێم له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بایكۆتی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، با بێن له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربن، ئه‌وكات ده‌توانرێت سوودێكی هه‌بێت كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ بن، نه‌ك بایكۆتی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن".

ئالیس، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ره‌نگه‌ له‌كاتی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست جیاوازی هه‌بێت، ده‌نگه‌كانی به‌شێك له‌و سندوقانه‌ رێك و راستن و هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌و جیا ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌و سندوقانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره‌ جیاكردنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن و زیاتر پێیدا بچنه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure