لە هه‌ولێر 219 سندوق ئه‌ژماركردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجامده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2018‌ :: 556‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستبكات به‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌كانى ده‌نگه‌كانى زیاتر له‌ 219 سندوق له‌ پارێزگاى هه‌ولێر.


سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ لقى هه‌ولێرى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق، به‌ دواڕۆژى راگەیاند، وابڕیار ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو 15ی تەمموز دەستبكرێت بە ژماردنەوەی دەنگەكان له‌ پارێزگاى هه‌ولێر ژماره‌ى ئه‌و سندوقانه‌ى سكاڵاشیان له‌سه‌ره‌ بۆ ده‌نگدانى گشتى 212 سندوقه‌و 7 سندوقیش ده‌نگدانى تایبه‌ته‌.

ئاشكراشیكرد، جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌شێكى له‌ هۆلى شادى شارى هه‌ولێر ده‌بێت و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ش كه‌ 86 سندوقه‌ له‌ پێشووتر ڕه‌وانه‌ى به‌غدا كراوه‌ هه‌رله‌وێ جیاكردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجامده‌درێت، چونكه‌ ئه‌و سندوقانه‌ پێشووتر نێردراون بۆبه‌غدا سكاڵایان له‌سه‌ربووه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان له‌لایه‌ن 100 كارمه‌نده‌ ده‌بێت به‌شێوه‌ى پێنج گروپ دابه‌شكراون، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ش سه‌ر بنكه‌كانى ده‌نگدانى لقى هه‌ولێرى كۆمسیۆنن، لیژنه‌یه‌كى حەوت كه‌سیش له‌ كۆمسیۆنى به‌غداوه‌ دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان و سه‌رجه‌مى پڕۆسه‌كه‌ش به‌سه‌رپه‌رشتى حاكم دارا، سه‌رۆكى كاتى لقى هه‌ولێرى كۆمسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌رچاوه‌كه‌، وتیشى "هه‌ر لایه‌نێكى سیاسى ده‌توانێت 5 چاودێر دابنێت و  نوێنەری  رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاماده‌ ده‌بن".

لاى خۆیه‌وه‌ ھەژار محەمەد، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی یه‌كێتى له‌ ھەولێر بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، چاوەڕوان دەکرێت هه‌فته‌ى داهاتوو ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو سندوقانەی ھەولێر دەستپێبکات، کە تانەیان لێدراوە، لەلایەن کۆمسیۆنیشەوە داوایانلێکراوە چاودێر بۆ ئەو مەبەستە دیاری بکەن.

وتیشى "بەشێك لەسندوقەکان نێردراون بۆ بەغداو به‌شێكیش له‌ ھەولێرن سه‌رجه‌میان سکاڵایان لەسەرەو بەدەست دەژمێردرێنەوە".

له‌ دواى بڕیارێكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10ى حوزه‌یرانى 2018، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، کە 27 دادوەر بۆ سەرپەرشتیکردنی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دیاری کراون، کە 18یان بۆ پارێزگاکان دیاریکراون. 24ى حوزه‌یرانیش ئەنجومەنی کۆمسیارانی دادوەرانی  راسپێردراو (كە لە 9 دادوەر پێكهاتووە)، بڕیاریداوە بە ژماردنەوەی دەنگی تەنها ئەو ناوەندانەی كە سكاڵایان لەبارەوە تۆماركراوە چ لەناوخۆ بێت یاخود لەدەرەوە، ئەوەش بە پشت بەستن بەبڕیاری دادگای فیدراڵی.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure