پۆلیسى خورماتوو یه‌كه‌م بازگه‌ى پشكنینى وه‌رگرته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2018‌ :: 869‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
دواى زیاتر له‌ پێنج مانگ، هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌ خورماتوو یه‌كه‌م بازگه‌ى پشكنینان راده‌ستى پۆلیسى خورماتوو كرد، هه‌رچه‌نده‌ كورده‌كانى ناوچه‌كه‌ ترسی كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام هێزه‌كه‌ دڵنیایى ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتیان له‌ شارۆچكه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

عه‌مید حسێن عه‌لى به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ دوێنێ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا بازگه‌كه‌ى پشكنینى باشوورى خورماتوو ڕاده‌ستى پۆلیسى خورماتوو كرایه‌وه‌. 

وتیشى "هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا باسى ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ ده‌كشێنه‌وه‌، هاوكات هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیشیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌ و ته‌نیا داوایان كرد له‌مه‌ودوا به‌رپرسیارێكى بازگه‌كه‌ بگرنه‌ئه‌ستۆ و ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند كه‌ ئه‌ركى پۆلیسه‌ بازگه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببات. 

حسێن عه‌لى راشیگه‌یاند، له‌ ئێستادا بازگه‌كه‌ له‌ ده‌ستى هێزه‌كانى پۆلیسى خورماتووه‌و هاوكات شه‌ش كارمه‌ندى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا و ئۆتۆمبێلێكى ئه‌و هێزه‌ هاوكارى هێزه‌كانى پۆلیس ده‌بن له‌ بازگه‌كه‌.

له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر و كۆنترۆڵكردنى له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى توركمانییه‌وه‌، حكومه‌تى عێراق شارۆچكه‌ى خورماتووى راده‌ستى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا كرد و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ هاووڵاتیانى كوردى ئاواره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ خورماتوو. 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌ردار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى قەزای خورماتوو به‌ دواڕۆژى وت "له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا سه‌رقاڵى ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆن و هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشكنینن له‌ ناوچه‌ى زه‌رگه‌، بۆیه‌ له‌ ناو شارى خورماتوو هێزه‌كانیان كه‌مبووه‌ته‌وه‌و هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌". 

وتیشى "تاوه‌كو ئێستا ئاسایشى خورماتوو له‌ ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرادایه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى باش و جیاواز له‌ هێزه‌كانى دیكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات". 

دوای ئەوەی له‌ 16 ئۆكتۆبه‌رەوە حه‌شدى شه‌عبى بە تەقاندنەوەو تاڵانکردنی خانوو و موڵكى هاووڵاتیانى كوردى خورماتوو تۆمەتبارکران، هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌شتیان به‌ خورماتوو بازگه‌یان بۆ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان دامه‌زراند و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر خانووى كوردیان بنه‌بڕكرد.

هاووڵاتى ڕزگارى غازى، كوردى دانیشتووى خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ى كورد زۆر له‌ هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا ڕازین، چونكه‌ بێ جیاوازى نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى ئاسایشى شاره‌كه‌یان پاراستووه‌و ڕۆڵى گرنگ و به‌رچاویشیان هه‌بووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ خورماتوو. 

ئه‌و هاووڵاتییه‌ وتیشى "هه‌ر به‌هۆى ئه‌و هێزانه‌وه‌ خورماتوو تا راده‌یه‌كى باش ئارام و سه‌قامگیره‌، هه‌ربۆیه‌ داواده‌كه‌ن ئه‌و هێزانه‌ نه‌كشێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌ كشانه‌وه‌یان ڕه‌نگه‌ جارێكى تر توندوتیژى و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌".

باسیشى له‌وه‌كرد، هێزه‌كه‌ جگه‌ له‌ كورد و عه‌ره‌بى سووننه‌ هاوكات خودى هاووڵاتیانى توركمانى ناوچه‌كه‌ش لێیان ڕازین و ته‌نیا توركمانه‌كانى نێو حه‌شدى شه‌عبى و پله‌داره‌كانیان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و هێزانه‌ له‌ سنووره‌كه‌ بكشێنه‌وه‌. 

پێشتریش ده‌نگۆى كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ له‌ خورماتوو نیگه‌رانى هاووڵاتیانى كوردى لێكه‌وته‌وه‌و بۆ دڵنیایى زیاتر مه‌لا هاوار نوێنه‌رى هاوڵاتیانى ئاواره‌ى خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ له‌به‌غدا چاویان به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كه‌وتووه‌و به‌ڵێنى پێداون كه‌ ئه‌و هێزانه‌ ناشكێنه‌وه‌. 

له‌ باره‌ى دوایین زانیارییه‌كانیشه‌وه‌، موقه‌ده‌م عه‌بد ئه‌میر ئه‌لحه‌مداوى وته‌بێژى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزه‌كانى پۆلیسى خورماتوو له‌ گه‌ڵیاندا له‌ شارۆچكه‌كه‌دان، بۆیه‌ پێیان باشبووه‌ راهێنانیان پێ بكه‌ن و به‌شداریان پێ بكه‌ن له‌ به‌رێوه‌بردنى ئه‌منییه‌تى ناوچه‌كه‌.

دڵنیایشى دایه‌ هاووڵاتیانى ناوچه‌كه‌ و وتی "هیچ به‌رنامه‌ و پلانێك نییه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌ سنورى شارۆچكه‌ى خورماتوو". 

له‌ گه‌ڵ هاتنى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا تاڕادەیەکی باش ئارامیی بۆ سنووره‌كه‌ گەڕایەوە ئاواره‌كانى خورماتوو زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌، هاوكات له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ چه‌ند به‌رپرسێكى حه‌شدى توركمانیان ده‌ستگیركردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure