پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت كرێی دوكان و خانووبه‌ره‌ كه‌مبکاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 10/07/2018‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ رێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ كرێدانی خانووبه‌ره‌، په‌رله‌مانی كوردستان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كرێی دوكان و خانووبه‌ره‌ كه‌مبكاته‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ كردووه‌". 


ئاری عه‌بدوله‌تیف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ 87 ی 1979ی هه‌مواركرا و دووشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموزه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا. 

سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ وتیشی "پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای به‌ كرێدانی خانووبه‌ره‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگی تێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی بەكرێدانی دوكان و خانووبه‌ره‌و دوكان و كێشه‌ی سەرقوفڵانە چارەسەر ده‌كات".
 
ئاری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌پێی پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای خانووبه‌ره‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی سه‌رقوفڵانه‌ له‌ دوكانداره‌كان وه‌ربگیرێت و چوار ساڵ جارێك گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ دوكانداره‌كان بكرێت، دەبێت به‌ پێی گرێبه‌سته‌كه‌ پاره‌ له‌ دوكاندار وه‌ربگیرێت و گرێبه‌سته‌كه‌ش چوار ساڵ جارێك تازه‌ بكرێته‌وه‌.  

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ خاڵێكی تری پڕۆژه‌ی هه‌مواره‌كه‌  هاتووه‌ "كرێ له‌سه‌ر موڵك، لە 4%وە كراوە بە 3%، هه‌ندێكی تریش له‌ 6%وە كراوه‌ به‌ له‌ 3% كه‌ ئه‌مه‌یان كارێكی زۆر باشه‌ بۆ كێشه‌ی كرێی موڵكانه‌و هه‌روه‌ها كرێی خانووبه‌ره‌و دوكانیش به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مده‌كرێته‌وه‌. 

ئاری عه‌بدوله‌تیف ده‌ڵێت "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان یاساكه‌ ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی لیژه‌نه‌كانی یاسا و شاره‌وانی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش تێبینی و راپۆرتی خۆیانی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكه‌ن". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure