كارگه‌ تاقانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دادەخرێت

هەواڵ / ئابوری :: 09/07/2018‌ :: 953‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رپه‌رشتیارى كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى شاره‌زوور رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانى  حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دابینكردنى سوته‌مه‌نى و دانانى گومرگێكى زۆر له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراق بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق، بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى نه‌توانین درێژه‌ به‌كاركردن بده‌ین و كارگه‌كه‌مان دابخه‌ین.


جاسم محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیارى كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى شاره‌زوور به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى كارگه‌كه‌مان له‌لایه‌ن زۆربه‌ى به‌رپرسانى حكومى و حزبى و هاوڵاتیانه‌وه‌ ستایشكراین و به‌هه‌نگاوێكى گه‌وره‌یان دانا بۆ بوژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواجار له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هیچ پاڵپشتییه‌كمان نه‌كراو ناچاربووین كارگه‌كه‌ دابخه‌ین".
 
راشیگه‌یاند "له‌ دواى ئه‌نجامدانى ڕیفاندمه‌كه‌ى هه‌رێم، حكومه‌تى عێراق به‌ بڕیارێك گومرگێكى زۆری به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا سه‌پاند كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى پارێزگاكانى عێراق ده‌كرێن و تا ئێستاش ئه‌و بڕیاره‌ كارى پێده‌كرێت، بۆیه‌ بۆ هه‌ر تۆنێك ده‌بوو نزیكه‌ى 900 دۆلار گومرگمان بدایه‌ به‌حكومه‌تى عێراق و 500 دۆلاریش بۆ حه‌شدى شه‌عبى، بۆیه‌  نه‌مانتوانى به‌رهه‌مه‌كانمان ره‌وانه‌ى عێراق بكه‌ین.

 
سه‌رپه‌رشتیارى كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى شاره‌زوور ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ده‌بێت ساڵانه‌ بڕى 46 ملیۆن دینار كرێى ساڵانه‌ بده‌ین به‌ حكومه‌ت له‌ كاتێكدا به‌ڵێنمان پیێدرابوو، كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌مان لێوه‌رنه‌گیرێت، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كرا، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وە به‌ڵێنمان پێدارا 120 تۆن نه‌وتى ڕه‌شمان بۆ دابینبكرێت، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ش جێبه‌جێنه‌كرا له‌ كاتێكدا هه‌مان بڕ درایه‌ كارگه‌ى ئاسنى هه‌ولێر.
 

جاسم محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى وت: ئێمه‌ ساڵى ڕابردوو، ڕووبه‌رى هه‌زار و 100 دۆنم له‌ زه‌وى كشتوكاڵى ده‌شتى شاره‌زوورمان كرد به‌ ته‌ماته‌ و پلانیشمان هه‌بوو له‌مساڵدا ڕووبه‌رى پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وى ته‌ماته‌ به‌رهه‌م بهێنین، به‌ڵام ته‌ماته‌كه‌ى ساڵى ڕابردوو هه‌مووى بوو به‌ زیان و بۆمان ساغ نه‌كرایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌م حاڵه‌وه‌ ناتوانین كارگه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure