بەڵگە.. گرێبەسەتە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی سەدام لەكەركوك زیندوو دەكرێنەوە

هەواڵ / ئابوری :: 09/07/2018‌ :: 623‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق سەرجەم گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی سەدام حسێن لەپارێزگای كەركوك زیندوو دەكاتەوە، كە لەدوای ساڵی 2003وە راگیرابوون.


بەپێی كۆنووسی لیژنەیەكی وەزارەتی كستوكاڵی عێراق كە لە 24ی نیسانی ئەمساڵ كۆبوونەتەوە سەبارەت بە گرێبەستە كشتوكاڵییەكان، تێیدا بڕیار دراوە سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە كارابكرێنەوە كە بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 1983 ئەنجامدراون و بەسەر دانیشتوانی كەركوكدا دابەشكراون كە پێشتر سڕ كرابوون.

هەر بەپێی كۆنووسی ئەو كۆبونەوە، بڕیاردراوە بەجێبەجێكردنی سەرجەم بڕیاری دادگاكان و دەستەی دەعاوا مولكییە لەبارەی ئەو زەوییانەی خاوەندارێتییان هەیە یاخود كوژێنراونەتەوە و لەبەرژەوەندی دەوڵەتدا بەكاردەهێنرێت، هەروەك نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی بەمەرجێك خاوەنەكەی دانیشتووی كەركوك بێت.

هەروەك بڕیاردراوە سەرجەم گرێبەست و بڕیارەكان لەبارەی ئەو زەوییانەی دەستی بەسەرداگیراوە یاخود كوژێندراونەتەوە و لەبارەیانەوەی دادگا بڕیاری لەبەرژەوەندی خاوەن گرێبەستەكەی پێشوو دەركردووە، بڕیارەكەی دادگا هەڵدەوەشێنرێتەوەو گرێبەستەكە كۆتایی پێدێت.

لیژنەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ سەرجەم گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی هەڵوەشاندەوە كە لەناوچەی پشتێنەی ئەمنی دراوەتە عەرەبە هاوردەكان و بڕیارەكانی دادگا لەبارەیانەوە جێبەجێدەكرێت، ئەویش ئەو گرێبەستانە ناگرێتەوە كە لەگەڵ هاوڵاتیانی رەسەنی شارەكە ئەنجامدراوە.



بەپێی كۆنووسی كۆبوونەوەی لیژنەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ كە ئیمزای شەش بەڕێوەبەری گشتی و ئەندازیاری كشتوكاڵی و راوێژكاری یاسایی لەسەرە، داواكراوە لەزەرەرمەندانی پێكهاتەی عەرەب و كوردو توركمان كە زەوییەكانیان داگیركراوە پەنا بەرنە بەر دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتەكەیان، داواشیكردووە ئیدارەو لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجومەنی پارێزگا بەهەمەهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك رۆڵی كارا ببینن لەچارەسەركردنی كێشەكان كە لەئەنجامی جێبەجێكردنی مادەی 140 دەستور جێبەجێدەكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure