لەسەر کاندیدبوونی بارزانی بۆ سەرۆک کۆمار رونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/07/2018‌ :: 33444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای بڵاوبوونەوەی نوسراوێک له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ گوایه‌ رێكکه‌وتنى چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌كان و پارتیه‌ و له‌یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانیدا باس لە کاندیدكردنى مەسعود بارزانی دەکات بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، نوسینگەی بارزانی رونکردنەوە دەدات.


زکری موسا، سکرتێری رۆژنامەوانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ى ته‌مموزى 2018 لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ وتی "ئەو نوسراوەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە گوایە رێککەوتننامەیە، ساختەیە و هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی، چونکە نە رێککەوتنی وا هەیە و نە کۆبوونەوەی واشکراوە، بەڵکو ئەوە بەمەبەست دروستکراوە".

وتیشی "زۆر لامان سەیرە ئەو نوسراوانە وا دروستدەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، نازانین ئامانجیان چییەو دەیانەوێت بگەن بەچی؟!".

نوسراوه‌ بڵاوكراوه‌كه‌ واژۆی هەریەک لە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد هاشمی ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و حەسەن سنێد سەرکردە لە حزبی دەعوەى له‌سه‌ره‌و له‌ خاڵى یه‌كه‌میدا هاتووه‌ كه‌ "لایه‌نه‌ به‌شداره‌كان رێكکه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بارزانی کاندید بێت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراقیش چارەسەربکرێن".

سکرتێری رۆژنامەوانی بارزانی بۆ دواڕۆژ رونیشکردەوە، "ئەگەر یەک تۆز لە نوسراوەکەوە وردببنەوە لە خاڵی یەکەم دەزانرێت کە نوسراوەکە راست نییە و دروستکراوە، ئەو نوسراوەش، ئەو کەسانە کردویانە کە دەنگی خەڵکیان ساختە کردووە، چونکە ئەوە بەڵگەنامەیەکی ساختەیە".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا فازل میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ناڕاستى نوسراوه‌كه‌ دوپاتده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت "ساخته‌یه‌" و هیچ راستییه‌كى تیانیه‌.

میرانى راشیگه‌یاندووه‌، سه‌رله‌به‌رى ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواش له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌یدان و ئاماژه‌شده‌دات، رووبه‌ڕووى دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌كاتى ئاشكرابونیاندا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure