ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى دەستیی ده‌نگەکان له‌سلێمانى ده‌ستیپێكرد

هەواڵ / کوردستان :: 09/07/2018‌ :: 510‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ى ته‌مموزی 2018، له‌ هۆڵى یانه‌ى ئاشتى له‌ سلێمانى ده‌ست به‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ئه‌و سندوقانه‌ کرا كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ره‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئۆفیسى سلێمانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت، به‌ دواڕۆژى وت "له‌ دوێنێوه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌غدا گه‌یشتونه‌ته‌ سلێمانى و ئاماده‌كارى ته‌واوكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبكرێت به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستیى به‌شێك له‌ سندوقه‌كان".

وتیشى "لیژنه‌كه‌ له‌ سێ دادوه‌ر و 30 كارمه‌ندى كۆمسیۆنى به‌غدا و كه‌ركوك پێكهاتوون و 30 كارمه‌ندى دادگاى سلێمانى و كارمه‌نده‌كانى خۆشمان هاوكارییان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ئه‌و سندوقانه‌ به‌ده‌ست".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ته‌نها ئه‌و سندوقانه‌ به‌ده‌ست هه‌ژمار ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ره‌ و ئه‌وانیش 188 سندوقن و به‌شێكى كه‌میان هى ده‌نگدانى تایبه‌تن و ئه‌وانى دیكه‌ هى ده‌نگدانى گشتیین".

سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "هه‌ر لایه‌نێكى سیاسى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ دوو چاودێر به‌شدار ده‌بێت له‌ پرۆسه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵێكى گه‌وره‌ له‌ دووره‌وه‌ چاودێرى ده‌كات و بۆى نیه‌ نزیكبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كامێراى كۆمسیۆن و راگه‌یاندنه‌كانیش قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و مۆبایلیش له‌ كارمه‌نده‌كان وه‌رگیراوه‌".

هاوكات نوێنه‌رى شه‌شه‌ لایه‌نه‌كه‌ ( گۆڕان، یه‌كگرتوو ، كۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه‌، هاپه‌ویمانى ،شیوعی)  بایكۆتى چاودێرى پرۆسه‌ى دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كانیان كرد به‌پاساوى دووریيان له‌ شوێنى هةژمار كردنه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى دواڕۆژ، رونیشیكرده‌وه‌ "پڕۆسه‌ى هه‌ژماركردنه‌كه‌ سێ بۆ چوار رۆژى پێده‌چێت و دواى ته‌واوبوونى راده‌گه‌یه‌نرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure