سه‌باره‌ت به‌ سلێمانى كۆمسيۆنى هەڵبژاردنەکان راگه‌يەنراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2018‌ :: 954‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ
سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنى جياكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان له‌ پارێزگاى سلێمانى، وته‌بێژى ‌رەسمى كۆمسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، راگه‌يەنراوێكى بڵاوكرده‌وه‌، ئاشكرايکردوە، سبه‌ي 9ی تەمموزی 2018 له‌ سلێمانى ئه‌و پڕۆسه‌یە به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دادوه‌ر له‌يس جه‌بر حه‌مزه‌، وته‌بێژى ‌رەسمى كۆمسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، لە راگه‌يەنراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ دواڕۆژ هاتووه‌ ده‌ڵێت "به‌يانى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمسيارانى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌يشتنه‌ شارى سلێمانى و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافى ئۆفيسى هه‌ڵبژاردندا كۆبوونه‌وه‌، تێبينى ئه‌وه‌كرا سه‌رجه‌م كاروباره‌ لۆجستييه‌كانى تايبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ى جياكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستيى، بۆ ئه‌و وێستگانه‌ى سكاڵا و تانه‌يان له‌سه‌رە، ته‌واو ئاماده‌ن".

ده‌شڵێت "له‌ سبه‌ي دووشه‌ممه‌وه‌ به‌پێى چوارچێوه‌ ياساييه‌كان كه‌ ياسا و سيستمه‌ كارپێكراوه‌كانى تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ربارى ئه‌و رێوشوێنانه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمسيارانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندييان له‌سه‌ر كراوه‌، وردبينى ده‌كرێت".

روونيشى ده‌كاته‌وه‌ "بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى جياكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستيى په‌نا براوه‌ته‌ به‌ر فه‌رمانبه‌رانى هه‌ردوو ئۆفيسى كه‌رخ و ره‌سافه‌ و فه‌رمانبه‌رانى سه‌رۆكايه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى فيدراڵى سلێمانى، به‌سه‌رپه‌رشتى راسته‌وخۆى ئه‌نجومه‌نى كۆمسياران، هه‌روه‌ها نوێنه‌رايه‌تى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و چاودێرانى نێوده‌وڵه‌تى و نوێنه‌رى باڵیۆزخانه‌كانى وڵاتانى جيهان و نوێنه‌رى حزبه‌ سياسييه‌كان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن ده‌توانن ئاماده‌ى پرۆسه‌كه‌ بن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure