"داعش له‌خوارووى كه‌ركوك ماوە و مه‌ترسى بۆ سه‌ر شاره‌كه‌ دروستبووه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 633‌ جار بینراوە
ئاسۆ مامه‌ند

دواڕۆژ، سامان قوبادى
به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌نگه‌كانى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك زیادى كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌ده‌نه‌ دادگا كه‌ به‌ ساخته‌كار تۆمه‌تباریان كردوون. ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر كه‌ركوك دروست بووه‌، بۆیه‌ داوایان كردووه‌ پێشمه‌رگه‌ بچێته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌. 


دواڕۆژ: دواى جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، ئایا ئه‌نجامه‌كان هاوشێوه‌ى ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنیین؟ ده‌نگه‌كانى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك زیادیان كردووه‌ یان كه‌م؟
ئاسۆ مامه‌ند:
له‌كۆى 2 هه‌زار 20 سندوق، 520یان جیاكرادنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌ستییان بۆ ئه‌نجامدرا، زۆربه‌یان هاوتاى ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنى بوون، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌بووبێت له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌ب و توركماننشینه‌كان بووه‌، چونكه‌ باروت كراوه‌ته‌ سندوقى ده‌نگه‌كانه‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ 45 وێستگه‌ى ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌هۆى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ رێژه‌ى خۆیان ده‌نگیان تێدا بووه‌، قفڵى سووریان لێدراوه‌. به‌ڵام وه‌كو یه‌كێتى ده‌نگه‌كانمان له‌ كه‌ركوك زیادى كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ رێژه‌ى كورسیى ناگۆڕێت و وه‌كو خۆى ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ شه‌ش كورسییه‌.

دواڕۆژ: لایه‌نه‌ كوردییه‌ ناڕازییه‌كان یاخود عه‌ره‌ب و توركمان كامیان زیاتر جه‌ختییان له‌  بوونى ساخته‌كاریی ده‌كرده‌وه‌ له‌ كه‌ركوك؟
ئاسۆ مامه‌ند:
زیاتر توركمانه‌كان بوون، عه‌ره‌بیش له‌به‌ر شه‌قامى خۆیان باسیان ده‌كرد، له‌ناو توركمانه‌كان له‌ 3 كاندیدى ده‌رچوو ته‌نیا یه‌كێكیان توركمانى سوننه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌یش به‌دڵى توركیا و ئه‌و لایه‌نانه‌یش نییه‌ كه‌ به‌ڵێنیان به‌و وڵاته‌ دابوو.

دواڕۆژ: به‌پێى وته‌كانت توركیا ده‌ستى له‌ پشت ئه‌و ئاڵۆزیانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌ى توركمانى كردوویه‌تى بۆ گۆڕینى ئه‌نجامه‌كان؟
ئاسۆ مامه‌ند
: توركیا هه‌موو هه‌وڵه‌كانى خستبووه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌ 12ى مانگه‌وه‌ دواى ده‌نگدان گروپى چه‌كدارى به‌ره‌ى توركمانى ده‌ورى كۆگاى ده‌نگه‌كانیان گرتبوو، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى  وێستگه‌كان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت دواى هه‌ڕه‌شه‌لێكردنى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمسیۆنى كه‌ركوك راى كردبوو، هه‌موو قفڵ و كلیله‌كان لاى كه‌سێك بوو كه‌ سه‌ر به‌ به‌ره‌ى توركمانییه‌، بۆیه‌ ئه‌و سندوقانه‌ى كه‌ ده‌ستكارى كرابوون و باروت-یان تێكراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌خۆشحاڵییه‌ ئێستا ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌ره‌ى توركمانى و به‌شێك له‌لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ناڕازین له‌ ئه‌نجامه‌كان دواى جیاكردنه‌وه‌ى به‌ده‌ست-یش، ئایا داهاتووى كه‌ركوك به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌بات؟
ئاسۆ مامه‌ند
: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك ئه‌جێندایه‌كیان هه‌بێت و كورسییه‌كانیش هه‌مووى بۆ ئه‌وان بێت هه‌ر ده‌یانه‌وێت فه‌وزا دروست بكه‌ن، پێیان قورسه‌ له‌م دۆخه‌ى ئێستاى كه‌ركوكدا كورد و یه‌كێتى له‌ 50%ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبێنێت، پێیان هه‌زم ناكرێت.

دواڕۆژ: دواى ژماردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست و یه‌كلابوونه‌وه‌یان، هه‌ڵوێستى یه‌كێتى به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ى به‌ ساخته‌كارى تۆمه‌تباریان كردبوو، چى ده‌بێت؟
ئاسۆ مامه‌ند
: سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ تۆمار ده‌كه‌ین كه‌ یه‌كێتییان تۆمه‌تبار كردبوو به‌ ساخته‌كارى، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ینه‌ دادگا كه‌ ناوى یه‌كێتییان له‌م پرسه‌دا هێناوه‌.

دواڕۆژ: ئه‌و ئه‌نجامه‌ى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ستیهێناوه‌ تاچه‌ند دڵنیاییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق كه‌ له‌ مانگى 12دا ده‌كرێت؟
ئاسۆ مامه‌ند
: پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان داوامان كرد به‌ یه‌ك لیست به‌شداریى بكه‌ین، به‌هۆى فره‌ لیستى كورسیى كورد فه‌وتا، هاوكات ئه‌جێندا و ته‌حه‌داكان به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كوردستانیبوونى كه‌ركوك بینران، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌كان بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ یه‌ك لیستى له‌ كه‌ركوك بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان پێكبهێنین، به‌ده‌ستهێنانى 6 كورسى وه‌كو یه‌كیتى جۆرێكه‌ له‌ دڵنیاییه‌.

دواڕۆژ: دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان ئایا كه‌ركوك به‌شێك ده‌بێت له‌ گفتوگۆكانى وه‌فدى یه‌كێتى و پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان؟
ئاسۆ مامه‌ند:
چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین ئه‌و لایه‌نانه‌ى دێن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان باسى بكه‌ین، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان بۆ هاوپه‌یمانى و به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت مه‌له‌سه‌ى كه‌ركوك و ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه‌یه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ خراپى دۆخى ئه‌منى كه‌ركوك ده‌كرێت، هاوكات ده‌وترێت پۆلیس و سوپاى عێراق تواناى پاراستن و به‌رگریكردنیان له‌ شاره‌كه‌ نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان، وه‌ڵامى ئێوه‌ چییه‌؟
ئاسۆ مامه‌ند
: له‌ ناوچه‌كانى خوارووى كه‌ركوك سوپاى عێراق ته‌نیا شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، جموجووڵى چه‌كدارانى داعش له‌و ناوچانه‌ زۆر زیادى كردووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ سوپاى عێراق ناتوانێت كه‌ركوك بپارێزێت و مه‌ترسى بۆ سه‌ر شاره‌كه‌ دروستبووه‌، ئه‌گه‌ر كۆنتڕۆڵى ناوچه‌كانى خوارووى كه‌ركوك نه‌كه‌ن كاریگه‌ریى خراپى ده‌بێت له‌سه‌ر ناوه‌ندى شارى كه‌ركوك، بۆیه‌ داوامان كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان، ده‌بێت رێگه‌ بدرێت هێزى پێشمه‌رگه‌ جێگیر بكرێت.

دواڕۆژ: ئه‌و ناوچانه‌ كامانه‌ن كه‌ داعش-یان تێدان و جموجووڵى تێدا ده‌كه‌ن؟
ئاسۆ مامه‌ند:
له‌ ناوچه‌كانى دبز-ه‌وه‌ به‌ره‌و حه‌مرین و ریاز و ره‌شاد تا نزیك دوزخورماتوو و داقوق داعش جموجووڵ و شانه‌ى چه‌كدارییان هه‌یه‌، یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كانى حكومه‌تى عێراق ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكى عه‌شایه‌رى ئه‌و ناوچانه‌ى كردووه‌ به‌ حه‌شدى سوننى، خه‌ڵكانێكى تێدایه‌ به‌ شه‌و له‌گه‌ڵ داعشن و به‌ رۆژیش له‌ناو حه‌شد-دان، بۆیه‌ به‌شێك له‌ داعشه‌كان خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ن.

دواڕۆژ: باس له‌ ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆنى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ده‌كرێت، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، راسته‌؟
ئاسۆ مامه‌ند
: ئه‌وه‌ى تێیگه‌یشتووین له‌م قۆناغه‌دا هه‌موان له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان چۆن حكومه‌تى داهاتوو پێكبهێنن، خۆیان به‌ خاوه‌نى ئه‌م دۆخه‌ نازانن، به‌ڵام گرنگه‌ مه‌رجى دانوستانى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه‌ بێت، هاوكات ئه‌م ناوچانه‌ له‌ رووى ئیدارى و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ببرێن.  

دواڕۆژ: پرسى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك به‌چى گه‌یشتووه‌؟ ئایا یه‌كێتى كردویه‌تییه‌ مه‌رجى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
ئاسۆ مامه‌ند
: به‌شێكى په‌یوه‌ندیى به‌ خودى كورد-ه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر لیستى برایه‌تى له‌ كه‌ركوك كۆببێته‌وه‌ ده‌توانێت پۆستى پارێزگار یه‌كلاییبكاته‌وه‌، به‌شه‌كه‌ى ترى په‌یوه‌ندیى به‌ به‌غدا-وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

دواڕۆژ: به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان رێگره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و مه‌رجى هه‌یه‌، وایه‌؟
ئاسۆ مامه‌ند
: ئه‌گه‌ر باسى پۆستى پارێزگار-یش نه‌كه‌ین، خۆ ده‌توانین ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كۆببێته‌وه‌ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێرین، ئه‌و پێشێلكارى و ته‌عریبكردنه‌ى له‌ كه‌ركوك ده‌كرێت ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت رێگریى لێ بكات، ئه‌گه‌ر له‌خه‌مى كه‌ركوك-ن ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان بێنه‌وه‌، ده‌توانین له‌ رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ رێگریى بكه‌ین له‌ بڕیاره‌كانى دژ به‌ كورد له‌ كه‌ركوك.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە