دوای هەڵمەتەکە
کڕیاران سەردانی بازاڕی چەكفرۆشان ناکەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/07/2018‌ :: 1403‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی
هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی، وایكردووە بازاڕی چەكفرۆشتن لە هەولێر بە تەواوی لاواز بێت و چەكفرۆشێكیش دەڵێت "لە دوای جێبەجێكردنی هەڵمەتەكەوە ماوەی دوو هەفتەیە هیچ هاووڵاتییەكی ئاسایی سەردانی بازاڕەكەیانی نەكردووە بۆ كڕینی چەك". 

كاتێك لە بەری رۆژهەڵاتی هەولێر و لە پشت زوورگەكانی كەسنەزان، بازاڕێك دەبینی كە پێی دەوترێت بازاری چەكفرۆشان، دیمەنی سەربازگەیەك دەكەوێتە بەرچاوت كە هەندێك خەڵك لەوێن و ژمارەیەكیان بە دیار چەكەكانیانەوە دانیشتوون و هەندێكی تریش چەكیان بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی بیفرۆشن. 

لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەهۆی زۆربوونی دیاردەی كوشتن، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی دەستپێكرد و لەو ماوەیەدا بە دەیان پارچە چەك دەستی بەسەرداگیرا. 

عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند هەڵمەتەكەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی، بەردەوامە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 50 پارچە چەك دەستی بەسەرداگیراوە. 

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی "هەر كەسێك لە شوێنە گشتییەكان چەكی پێبێت لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چەكەكەی دەستی بەسەردادەگیرێت و بۆ هیچ كارمەندێكی دەزگا ئەمنییەكانیش نییە لە دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی، چەك لەگەڵ خۆی بباتە ماڵ و شوێنە گشتییەكان، چونكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستی بەسەردادەگیرێت".

بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تەنها لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا تیمە هاوبەشەكانی پۆلیس و ئاسایش لەسەر شەقامەكان دەستیانگرتووە بەسەر 52 چەكی نایاسایی لەناو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیاندا  و 45 كەسیش بەهۆی هەڵگرتنی چەكی نایاسایی دەستگیركراون. 

 "قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەك بۆ خەڵكی ئاسایی بووەتە هۆكاری كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی كوشتن لە هەولێر" بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وای گوت. 

هەڵمەتی نەهێشتنی چەك لە دەستی هاووڵاتیان جگە لەوەی ئارامیی دەخاتە نێو كۆمەڵگە، بازاڕی چەكفرۆشتنیشی لاواز كردووە. یەكێك لەوانەی رۆژانە كاری چەك فرۆشی دەكات دەڵێت "ماوەی دوو هەفتەیە یەك هاووڵاتی ئاسایی بۆ كڕینی چەك سەردانی نەكردووین". 

فەرهاد حسێن، كە رۆژانە لە بازاڕی چەكفرۆشانی هەولێر كار دەكات، بۆ دواڕۆژ وتی "ئەوانەی پێشتر دەهاتنە بازاڕی چەكفرۆشان بەشێكی زۆریان خەڵكی ئاسایی بوون و چەكیان دەكڕی، بەجۆرێك هەفتانە لە یەك تا سێ‌ چەكم فۆشتووە، بەڵام لە دوای بڕیاری نەهێشتنی چەك لە دەستی خەڵكی ئاسایی، ماوەی دوو هەفتەیە یەك هاووڵاتی چەكی نەكڕیوە". 

فەرهاد دەڵێت "ئەو هەڵمەتەی پۆلیس و ئاسایش دەستیان پێكردووە بووەتە هۆكاری لاوازبوونی بازاڕی فرۆشتنی چەك بە هەردوو جۆری دەمانچە و كڵاشینكۆف-یش". 

ئەو چەكفرۆشە پێیوایە "حكومەت ناتوانێ‌ بە تەواوی هەڵگرتنی چەك قەدەغە بكات، چونكە هەندێ‌ خەڵك هەیە لەكاتی هاتنیان بۆ كڕینی چەك سوود لەو كەسانە دەبینن كە كارمەندی پۆلیس و ئاسایشن و دێن بەناوی دەوامكردن چەك دەكڕن و مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان هەیە، بەڵام دواتر ئەو چەكە دەدەنە كەسێكی تر كە خزم یان برادەریانە، بۆیە گەر حكومەت بیەوێ‌ بە یەكجاری چەك قەدەغە بكات، دەبێت سزای قورس بۆ ئەو كەسانە دیاریی بكات كە كارمەندی خۆیانن و چەك بۆ خەڵكی تر دەكڕن". 

یەكێكی تر لەوانەی كاری كڕین و فرۆشتنی چەك دەكات رایگەیاند  "چەكی دەمانچە لە توركیاوە بە قاچاغ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو جۆرە چەكەیش پێی دەگوترێ‌ دەمانچەی تۆپلی كە نرخەكەی زۆر هەرزانە، بەڵام ماوەیەكە خەڵكێك فێربووە لولەی دەمانچە تۆپلی-یەكە دەگۆڕن و لولەیەكی تری لێدەبەستنەوە بە نرخێكی گرانتر دەیفرۆشنەوە كە بڕەكەی 200 دۆلارە".

دوای جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی چەك، لە هەرێمی كوردستان سێ‌ هەزار و 645 كەس مۆڵەتی پێدانی چەكیان هەیە، لەو رێژەیەیش زیاتر لە هەزار كەس كە كارمەندی حكومەت نین لە هەولێر مۆڵەتی چەكیان هەیە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی رووداوەكانی كوشتنەوە  وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا هەر كەسێك چەكی هەبێت ئەگەر چەكەكەی رێگەپێدراویش بێت، ئەگەر حاڵەتەكەی زۆر پێویست نەبێت، مۆڵەتەكەی لێ‌ دەسێنرێتەوە.

هاوكات بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی لای دواڕۆژە، ساڵی رابردوو 344 كەس بەهۆی چەكەوە كوژراون، كە زیاتر لە 100 كەسیان خۆیان كوشتووە، هەروەها تەنیا لەماوەی شەش مانگی رابردوودا 113 كەس لە هەرێم بە چەك كوژراون، كە زیاتر لە 50 كەسیان خۆیان كوشتووە.

جگە لە هەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان بۆ قەدەغەكردنی هەڵگرتنی چەك، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی تری لە هەرێمی كوردستان پێكهێناوە. لەوبارەیەوە بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، كە هاوكات سەرۆكی لێژنەكەیشە، بە دواڕۆژی راگەیاند "مكیانیزمی نوێی و تازە بۆ شێواز و كاتی هەڵگرتنی دەمانچە دیاریكراوە و ناكرێت هەموو كەس چەكی لابێت، بۆیە بڕیاردراوە لەخۆمانەوە گۆڕانكاریی هەڵگرتنی چەك ئەنجامبدەین تا بتوانین بە باشترین شێوە كۆنترۆڵی دیاردەی هەڵگرتنی چەك بكەین".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure