نه‌خۆشێك له‌ سلێمانى گیانى له‌ده‌ستدا
گومانده‌كرێت توشى تاى خوێنبه‌ربوون بوبێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2018‌ :: 22173‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئافره‌تێكى بەڕەچەڵەك عەرەبى دانیشتووی كەركوك، ئێوارەی رۆژی شەممە لە نەخۆشخانەی شۆڕش گیانی لەدەستدا كە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن نەخۆشییەكەی (تای خوێنبەربوون) بێت.


د. شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ى ته‌مموزى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، هاوڵاتییەكی بە رەچەڵەك عەرەبى دانیشتووی كەركوك، كە تەمەنی لەسەروو 30 ساڵەوەیە و لە رەگەزی مێیە، ئێوارەی دوێنێ لە نەخۆشخانەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە (شۆڕش) لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.

وتیشى، "هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن نەخۆشەكە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، چونكە كاری بەخێوكردنی ئاژەڵ بووە، بەڵام پشكنینەكانمان ناردووە بۆ بەغدا و دوای سێ رۆژی تر ئەنجامەكان دەگەنەوە سلێمانی". 

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد "سەرەتا هاوڵاتییەكە رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوك كراوە، دواتر نێردراوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی پاشان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش".

پێشتر له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر حاڵه‌تێكى نه‌خۆشییه‌كه‌ تۆماركرا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه.

دوێنێش سه‌یف به‌در، وته‌بێژی ره‌سمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا له‌ عێراقدا هه‌شت حاڵه‌تی توشبوون به‌ تای خوێنبه‌ربوون هه‌بووه‌

وتیشى "شه‌ش كه‌س له‌وانه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و حاڵه‌تێكیان چاكبووه‌ته‌وه‌ و یه‌كێكى دیكه‌ هێشتا له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه‌". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure