یه‌كێتی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی حزبه‌ ناڕازییه‌كان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2018‌ :: 655‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانى ئاشكرایده‌كات، پێشتر داوایان له‌ شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ گفتوگۆبكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق و مافه‌كانی كورد، به‌ڵام ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌نجامى سكاڵاى سه‌ر ده‌نگه‌كان راده‌گه‌یه‌ندرێت‌ و ده‌شڵێت" ئێستا جارێكی تر داوای گفتوگۆیان لێده‌كه‌ینه‌وه‌".


 له‌دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى به‌رایی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق هه‌ریه‌ك له‌ (بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه‌، یه‌كگرتووى ئیسلامى، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌وه‌رى و حزبی شیوعی) تانه‌یان له‌ ئه‌نجامه‌كاندا و داواى دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی سندوقه‌كانى ده‌نگدانیان كرد به‌شێوه‌ى ده‌ستى.    
 
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "پێشترو دوای كۆتاییهاتنی ده‌نگدان و راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، داوامان له‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان كرد كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد كاربكه‌ین له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكرده‌وه‌".

وتیشی" ئه‌وان ئه‌وكات وه‌ڵامیان ئه‌وه‌بوو تا ئه‌نجامی ده‌نگدان و سكاڵاكان یه‌كلانه‌كرێته‌وه‌ و كۆتایی ئه‌نجامه‌كان ده‌رنه‌كه‌وێت به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان ناكه‌ن، ئێستاش كه‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌ركه‌وتوون و هیچ گۆڕانكاریی روینه‌دا ئه‌وا جارێكی تر یه‌كێتی داوایان لێده‌كان گفتوگۆ بكه‌ین به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌باره‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق".

سه‌عدی پیره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، تائێستا هیچ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ داوای كۆبوونه‌وه‌ یان هه‌نگاوێكی نوێیان نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و له‌سه‌ر دابه‌شكردن و وه‌رگرتنی پۆستیش ئێستا زووه‌ یه‌كێتی بریاربدات ئاخۆ كامه‌یان وه‌رده‌گرێت و كامه‌یان ده‌به‌خشێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure