فەرید ئەسەسەرد: پۆستی سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ پارتی نییە

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2018‌ :: 864‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت "حزبەكەیان بەلایەوە گرنگە ئەم خولەش پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرن" دەشڵێت "ئەگەر پارتی بۆچوونێكی جیاوازیان هەبێت دەتوانین رێكبكەوین لەگەڵیان".

سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە دواڕۆژی وت "ئێمەش وەك پارتی سەیری پۆستە گشتییەكان دەكەین، پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها بۆ یەكێتی نییە و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش تەنها بۆ پارتی نییە".

وتیشی "دوو خولی رابردوو پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەست یەكێتییەوە بووە، زۆر بەلامانەوە گرنگە ئەم خولەش ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت، گرنگییەكەشی پەیوەندی بە خۆمانەوەیە".

فەرید ئەسەسەرد، ئاماژەی بەوەشدا "پێموایە لەگەڵ پارتی دەتوانین لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بگەین بە رێككەوتن، ئێمە پەیامی خۆمان گەیاندووە بە وان ئەگەر ئەوانیش بۆچوونێكی جیاوازیان لەسەر ئەو پۆستە هەبێت بە دڵنیاییەوە دەتوانین لە كۆبوونەوەكان باسی بكەین و رێكبەكەوین لەسەری".

دوێنێ‌ شەممە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیش وتەبێژی ئەو حزبە وتی "مەرج نیە پۆستی سەرۆك كۆمار ئەمجارەش بۆ ئەو لایەنە بێت كە پێشتر ئەو پۆستەی لا بووە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure