مه‌رج بۆ گۆڕانكاری له‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران داده‌نرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2018‌ :: 1529‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌هۆی جیاوازی بۆچوونه‌كان له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌باره‌ی ده‌رماڵەوە،‌ ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی بكه‌وێته‌ خولی داهاتووی په‌رله‌مان.


د. شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "جیاوازی بۆچوونه‌كان له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان زۆره‌، بۆیه‌ پێناچێت یاسای چاكسازی لەماوەی تەمەنی ئەم حكومەت و پەرلەمانەشدا یەكلابكرێتەوە، بەڵكو دەكەوێتە خولی داهاتووی حكومەت و پەرلەمانەوە".

وتیشى، دوو مه‌رج و پێشنیاز دانراوه‌ بۆ حكومه‌ت له‌باره‌ی بابەتی دەرماڵەكان یەكێكیان یەكخستنەوەی سەرجەم دەرماڵەكانە كە مامۆستایانی زانكۆش دەگرێتەوە، دووەمیش بریتییە لەوەی پێویستە سەرجەم دەرماڵە نایاساییەكان ببڕدرێت، چونكه‌ ناكرێت لە بابەتی رێكخستنەوەی دەرماڵەكان ته‌نها یه‌ك توێژ زه‌ره‌رمه‌ندبن ئەگەر سەرلەنوێ بابەتی دەرماڵەكان رێكبخرێنەوە.

هاوكات فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاساكه‌ی بۆ هه‌مواركردن گه‌ڕانده‌وه‌ په‌رله‌مان، له‌سه‌ر هه‌مواركردنی هه‌ندێ خاڵ ناكۆكی كه‌وتۆته‌ ناو په‌رله‌مانتاران و پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ حكومه‌ت تا چه‌ند ده‌توانێت جێه‌جێیان بكات.

هه‌فته‌ی رابردووش نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یاسای چاكسازی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌ك شێوێندراوه‌ ناتوانین هیچ قسه‌یه‌كی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین.

پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەکان لە 24 ماددە پێکهاتووە، رۆژی 28ی شوباتی ئه‌مساڵ پەرلەمانی كوردستان پەسه‌ندیكرد، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌شێك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاوڵاتیان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازار یاساكەی گه‌ڕانده‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure