مه‌لا به‌ختیار باس له‌ شێوازی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 899‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا زۆرینه‌ پێكده‌هێنین و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری سه‌ركه‌وتوو له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌ت پێده‌هێنین. 


ئه‌مشه‌وی شه‌ممه‌ 7ی ته‌مووزی2018، دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی ده‌وڵه‌تی یاساو هاوپه‌یمانی فه‌تح، مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هیوادارین پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ی عێراق په‌ند له‌ رابردوو وه‌ربگرێت و بنه‌ماكانی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پێكبهێنین و حكومه‌تیش پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی بێت.
 
وتیشی "له‌ 70% خه‌ڵكی به‌غدا ده‌نگی نه‌داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌مه‌ به‌ گرنگ بزانن و له‌ داهاتوودا كوردیش به‌ كۆی سیاسه‌ته‌كانی خۆمان و عێراقدا ده‌چینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌". 

ده‌ڵێت "وه‌ك یه‌كێتی ده‌چینه‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر گفتوگۆ له‌ باره‌ی چۆنێتی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت ده‌كه‌ین".

مه‌لا به‌ختیار وتیشی "به‌ پێی دوایین زانیاری ئێمه‌ رۆژی شه‌ممه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ له‌ 93%ی بنكه‌كه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك هه‌ژمار كراونه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی كۆتایی كۆمسیۆن كه‌ به‌ ئامێری ئه‌لیكترۆنی ئه‌ژماركرابوو". 

روونیشكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندی ده‌وڵه‌تی یاساو فه‌تح گفتوگۆی چڕیان كردووه‌ له‌ باره‌ی وه‌رده‌كارییه‌كانی پێكهێنانی زۆرینه‌، "هیوادارین ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت". 

لای خۆشییه‌وه‌ ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی شاندی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری رایگەیاند، دانوستاندنەکان بەرهەمداربوون، کە تیایدا باسی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای "نە رەتکردنەوە نە خۆسەپاندن". 

ئەسەدی وتیشی "باسیان لە چارەسەری کێشەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە".

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا حەسەن سنێد، سه‌رۆكی شاندی ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ڤیتۆی لەسەر لایەنی دیکە هەبێت.

وتیشی، بۆچوونەکانیان لە یەکدی نزیکبووە، پێویستە هەمووانیش بەرپرسیارێتی قۆناخەکە بگرنە ئەستۆ و حکومەتی نشتیمانی پێکبێنن. 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure