گۆڤارێك به‌ 3 زمان بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى و ئه‌منى بڵاوده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 232‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
سه‌نته‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاینده‌ى ناحكومى، گۆڤارێك بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى و ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ خاوه‌ندارێتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێم چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ى ته‌مموز، له‌ هۆتێل گراندملنیۆم له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى خوێندنى باڵاى هه‌رێم و سه‌رۆكى زانكۆكان و ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانى زانكۆكان، سه‌نته‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاینده‌ى ناحكومى چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى گۆڤارێكى بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى و ئه‌منى به‌ خاوه‌ندارێتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا راگه‌یاند.

هه‌ردى مه‌هدى میكه‌، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاینده‌، سه‌باره‌ت به‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى گۆڤاره‌كه‌، به‌ دواڕۆژى وت "كایه‌ى سیاسه‌ت و ئه‌منى له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك فه‌رامۆش كراوه‌، واته‌ كه‌متر به‌ ئه‌كادیمى كراوه‌ و گۆڤارى تایبه‌تمه‌ند به‌و دوو بواره‌ نه‌بووه‌".

وتیشى "ئه‌م گۆڤاره‌ ده‌بێته‌ گۆڤارێكى تایبه‌تمه‌ند له‌ كوردستاندا، بۆ ئه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌ له‌ بوارى سیاسه‌ت و ئه‌منى گشتیدا بكات، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى زانست و توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان به‌شداربن له‌ بڕیارى دروست و به‌شداربن له‌وه‌ى سیاسه‌تكردن بۆ چاكه‌ و خه‌مى گشتى بێت، هه‌روه‌ها ئه‌منیش هاونشتیمانى میحوه‌ر بێت تێیدا و نیشتمان پارێز بێت".

هه‌ردى مه‌هدى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "گۆڤارێكى باوه‌ڕپێكراوى ئه‌كادیمیه‌ توێژه‌ران ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌م گۆڤاره‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ پله‌ى زانستیان پێى به‌رزده‌بێته‌وه‌، یه‌كه‌م ژماره‌شى له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیستانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه‌ هه‌ڵسه‌نگێنراوه‌ و مۆڵه‌تى پێدراوه‌".

باسى له‌وه‌شكرد "گۆڤاره‌كه‌ به‌ زمانه‌كانى (عه‌ره‌بى، كوردى، ئینگلیزى) ده‌بێت و له‌ داهاتووشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ زمانه‌كانى تریش چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure