نوێترین زانیاری لەسەر داخستنی ماڵپەڕە سێکسیەکان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/07/2018‌ :: 1791‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ماوەی نزیکەی ٥ مانگە پڕۆژەیاسای تایبەت بە داخستنی ماڵپه‌ڕه‌ سێکسییەکان لە پەرلەمانی کوردستانە، به‌ڵام تائێستا نەخراوەتە بەرنامەی کار و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت  "پرۆژە ئامادەکراوەكه‌مان داوەتە لیژنەکان، کۆمەڵناسێکیش دەڵێت سایتە سێکسییەکان لایەنی  باش و خراپیشى هه‌یه‌، ناکرێت هەمووی بخرێتە ژێر پرسیارەوە".

پڕۆژەیاساکە بەجۆریکە داوای داخستن و فلتەرکردنی سەرجەم سایتە سێکسییەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی گەنجان و هاووڵاتیان نەتوانن بەکاریبهێنن.

نەواز یاسین، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە دارایی لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە بۆ دواڕۆژ دەڵێت "ئەو كاره‌ لەتوانای پەرلەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستاندا نیە ماڵپەرەکان دابخات یان فلتەریان بکات، چونکە رەهەندی دارایی نێودەوڵەتی هەیە، بازرگانییەکەی سەدان ملیار دۆلارییە، هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت ئەو سایتانە فلتەر بکات یان دایانبخات".

ئەو پسپۆڕه‌ داراییه‌ پێیوایە، ئەو سایتانە بۆ قازانجی چەند وڵاتێکی زلهێزن کە دەسەڵاتیان بەسەر سایتەکان و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتەوە هەیە، راشیدەگەیەنێت، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و وێنەی سێکسی تاڕادەیەک یەک سەرچاوەیان هەیە و ئامانجیشیان بازرگانییە، بۆیە هیچ لایەنێک ئامادەنیە زیانی ئابووری بەخۆی بگەیەنێت.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان چاوەڕوانی خستنە بەرنامەی کاری دانیشتنن تا یاساکە پەسەند بکەن و بیدەن بە حکومەت جێبەجێی بکات، بەڵام خۆشیان لەوە گومانیان هەیە یاساکە پەسەند نەکرێت یان ئەگەر پەسەندیش بکرێت کاری پێنەکرێت.

شوکرییە شێخانی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیەی لە پەرلەمانی کوردستانە و دراوەتە  ليژنەکان تا کاری لەسەر بکرێت هەرچەندە نزیکەی 5 مانگی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ناخرێتە بەرنامەی کار و ناشزانین کەی دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

وتیشی "بابەتەکە ئامادەکردنی پرۆژە و دەرکردنی نیە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئایا حکومەت کاری پێدەکات دوای دەرکردن یان دەخرێتە بواری جێبەجیکردنەوە؟ تائێستا پەرلەمان نایخاتە بەرنامەی کارەوە، چ جای جێبەجێکردن، بەڵام هەوڵدەدەین بیخەینە بەرنامەی کار و بکرێت بەیاسا و ماڵپەرە سێکسیەکان فلتەر بکرێن یان دابخرێن".

کۆمەڵناسێک کە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە توێژینەوە لەسەر رەفتار و ئاکاری مێردمنداڵ و گەنجان لەبواری هەستەکاندا دەکات بۆ دواڕۆژ دەڵێت "ناکرێت سایتە سێکس و پۆرنەکان جارانی سفر بکرێن و بخرێنە ژێر پرسیارەوە کە تەنیا زیانیان هەیە، نا بێگومان سودیشی هەیە واتا دوو رەهەندە یەکەمیان سودی بۆ هاوسەران هەیە رۆشنبیری سێکسیان لا بەرز دەبێتەوە، هەروەها باشتر لە یەکتر دەگەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن سێکس دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک بنەمای تر دەزانن کە پێشتر نەیانزانیوە".

شەوگار ئازاد، کۆمەڵناس بۆ دواڕۆژ وتیشی "ناکرێت مێردمنداڵ سەیری بکات وەک گەنجانیش هەروەها تا دوای 18 ساڵی بۆی نییە سەیری بکات، بۆیە لەبری داخستن دەکرێت سەیرکردنی سنورداربکرێت وەک زۆر وڵات کۆدی تایبەت هەیە، ئەگەر سەروی 18 ساڵی نەبیت ناتوانی داخلی سایتەکان ببیت".

دوو ساڵ لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای فلتەرکردن و سنوردارکردنی ماڵپەرە سێکسییەکانی پەسەند کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو نەیتوانی، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانش هاوشێوەی حکومەتی عێراق ناتوانێت ئەوە بکات و لەتوانایدا نیە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت "هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت ملیۆنان سایت و ماڵپەر و پەیج دابخات کە کاریان ئەوەیە.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی "لە عێراق یاساکە دەرچوو، بەڵام حکومەت نەیتوانی کاری پێبکات چونکە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت نەیانتوانی ئەو ملیۆنان سایتە دابخەن کە تایبەتن بە سێکس".

رونيشیکردەوە، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان وەها بڕیارێک بدات ئێمە جێبەجێی دەکەین، بەڵام زۆر ئەستەمە و ئەو پرۆسەیە دەیان ساڵی پێویستە، چونکە دەبێت سیرڤەر و ناو و ناونیشانی ملیۆنان سایت بدەیتە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت تا بلۆکی بکەن ئەوە لەتوانای کۆمپانیاکانی کوردستان نیە و کاتێکی زۆری دەوێت، عێراقیش شکستی هێنا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure