لەسەر زیادکردنی دەوام و نەمانی پاشەکەوت روونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 33983‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت "ئێمە داوامانکردووە حکومەت پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی تەندروستی لابدات، لەکاتێکدا دەوامی کارمەند و پزیشکان زیادکراوە".

هەفتەی رابردوو وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی بڕیاریدا لەسەرجەم نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتی و بنکە تەندروستییەکان دەوامی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە هەفتەیەکدا بکرێت بە ٦ رۆژ ئەوەی پێیەوە پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

دوای بڕیارەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، گوایە هەوڵدەدرێت پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی لابدرێت.

دکتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە دواڕۆژی راگەیاند "ئێمە داوامان کردووە کە پاشەکەوت لەسەر موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەمان لابدرێت، موچەکانیان بە تەواوی وەربگرن، بەڵام ئەو داواکارییە پەیوەست نییە بە زیادبوونی دەوام".

وتیشی "ئەگەر هاتوو حکومەت پاشەکەوت لابدات یان نا، ئەوا دەوام هەر ٦ رۆژ لە هەفتەیەکدا دەبێت، ئەوە هیچ پەیوەندی بە دەوام گۆڕینەوە نییە و مەرجی زیادکردنی دەوامیش لادانی پاشەکەوت نییە".

روونیشیکردەوە، ئەو دەنگۆیانە راست نین باس لەوە دەکەن لەگەڵ زیادبوونەوەی دەوام پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستی لادەدرێت، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی حکومەتە، ئەگەر حکومەت پاشەکەوتی موچە لابدات، ئەوا هی هەموو توێژ و وەزارەتەکان لادەدات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure