ته‌ندروستى عێراق ئامارى توشبوانى تاى خوێنبه‌ربوون ئاشكراده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 07/07/2018‌ :: 1233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی ته‌موز ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی توشبوونی به‌ تای خوێنبه‌ربوون ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه‌ 6 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 


سه‌یف به‌در، وته‌بێژی ره‌سمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا له‌ عێراقدا 8 حاڵه‌تی توشبوون به‌ تای خوێنبه‌ربوون هه‌بووه‌. 

وتیشى "شه‌ش كه‌س له‌وانه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و حاڵه‌تێكیان چاكبووه‌ته‌وه‌ و یه‌كێكى دیكه‌ هێشتا له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه‌". 

وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌شڵێت "به‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر گومانێك له‌ یه‌كێك بكه‌ین جیایده‌كه‌ینه‌وه‌ و وه‌ك په‌تاكه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و شیكاری بۆ ده‌كه‌ین".

سه‌یف جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی توشبووه‌كانی ساڵی پار زیاتر بوون له‌ توشبووانی ئه‌مساڵ. 

تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر حاڵه‌تێك تۆماركراوه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure