سندوقه‌كانی شه‌ش پارێزگا گواسترانه‌وه‌ بۆ به‌غدا

هەواڵ / عێراق :: 07/07/2018‌ :: 544‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ئه‌و سندوق و وێستگانه‌ی سكاڵا و تانه‌یان له‌سه‌ره، ‌سندوقه‌كانی ده‌نگدانی شه‌ش پارێزگا دەبرێنە‌ به‌غدای پایته‌خت.

داوده‌ر له‌یس جه‌بر حه‌مزه‌، وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كان،  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ى ته‌مموزى 2018 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ هاتووه‌ ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ سندوقه‌كانی ده‌نگدانی پارێزگاكانی (به‌سره‌، میسان، زیقار، موسه‌ننا، قادسیه‌ و واسیت) گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ پێشانگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا".

وتیشی "مەبەست لەو پرۆسەیە، ده‌ستپێكردنی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ئه‌و ناوه‌ند و وێستگانه‌ی هه‌ڵبژاردنن كه‌ سكاڵا و تانه‌یان له‌سه‌ر هاتووه‌، به‌پێی چوارچێوه‌ یاسایییه‌كان وردبینیان بۆ ده‌كرێت".

ده‌شڵێت "له‌ پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌كه‌دا ریزبه‌ندی ئه‌و پارێزگایانه‌ په‌یڕه‌وده‌كرێت كه‌ له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا باسكراوه‌، به‌پێی دیاریكردنی كاته‌كان كە كۆمسیۆن خۆی دیاریده‌كات، بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌رواری 9/7/2018ه‌وه‌".

وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆنی روونیشیكردۆته‌وه‌ "بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌ ده‌ستییه‌كه‌ په‌نابراوه‌ته‌به‌ر فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو ئۆفیسی ره‌سافه‌ و كه‌رخی كۆمسیۆن و فه‌رمابنه‌رانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌ردوو دادگای پیاچوونه‌وه‌ی كه‌رخ و ره‌سافه، به‌سه‌رپه‌رشتیكردنی راسته‌خۆی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی و نوێنه‌رانی باڵوێزخانه‌كانی وڵاتانی جیهان و نوێنه‌رانی حزبه‌ سیاسییه‌كان، جگە لە سه‌رجه‌م راگه‌یاندنه‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure