بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان داوایه‌ك لەحكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 764‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
سەرۆکی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، رێگه‌ بدات ئاواره‌كان به‌سەلامه‌تی و شكۆدارییەوە‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی ته‌مموزی 2018، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ راگه‌یەنراوێكدا ئاماژه‌ی به‌كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی ناوه‌ندی قه‌یرانه‌كان و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی هه‌رێم، كردووه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هۆشەنگ محه‌مه‌د، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان، رایگه‌یاندووه‌ "ئاواره‌كان زۆربه‌یان نیشته‌جێی هه‌ولێرو كه‌مپه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ن، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامده‌بێت له‌هاوكاری ئاواره‌كانی هه‌رێم له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و خۆراك و سه‌لامه‌تی ژیانیان له‌ كه‌مپه‌كان".

به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی قه‌یرانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئاواره‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

هاوكات ئایدن ئۆلێری سەرۆکی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، رایگه‌یاندووه‌، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامده‌بێت لە پاڵپشتیکردنی ئاوارە و پەنابەران، داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمیش كردووه‌ رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وەی‌ ئاواره‌كان بدات بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌لامه‌تی و شكۆمه‌ندی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure