پۆلیسی لەبارەی روداوێکی شاری سلێمانییەوە رونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 267‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە گوایە تیایدا "چەککردنی" ژمارەیەک کارمەندیان دەردەخات رونکردنەوەیەک بڵاوکردەوەو رەتیدەکاتەوە هێزێکی تایبەتیان لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە چککرابێت و دەڵێن "رووداوەکە لێکتێنەگەیشتن بووە".


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە "لە نێوان ئەفسەرێك و دوو كارمەندی هێزە تایبەتەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە بەهاوبشی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەدەرچوندابوون، لێكتێنەگەیشتنێك لەگەڵ ئەو گروپە روویداوەو بارودۆخەكە هەرزوو كۆنتڕۆڵكراوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش رەتدەكاتەوە كە هێزەكانیان چەك كرابێتن، هەروەك راشیدەگەیەنین كە لێپرسراوێك  و چوار كەس لەو گروپە دەستگیركراون ولەئێستاشدا لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانیەوە بەندن و دەستیشگیراوە بەسەر چەكێكی جۆری M4 و دەمانچەیەكدا".

 

دەقی رونیکردەوەکە:

 

ڕونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە 

پاش ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایە، كە گوایە هێزە تایبەتەكەی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لایەن گروپێكی چەكدارەوە، چەككراون، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی وێرای رەتكردنەوەی سەرلەبەری ئەو هەواڵە، لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: لە نێوان ئەفسەرێك و دوو كارمەندی هێزە تایبەتەكەی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە بەهاوبەشی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەدەرچوندابوون لێكتێنەگەیشتنێك لەگەڵ ئەو گروپە روویداوەو بارودۆخەكە هەرزوو كۆنترۆڵكراوە، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش رەتدەكاتەوە كە هێزەكانیان چەك كرابێت. هەروەك راشیدەگەیەنین كە لێپرسراوێك و چوار كەس لەو گروپە دەستگیركراون ولەئێستاشدا لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانیەوە بەندن و دەستیشگیراوە بەسەر چەكێكی جۆری M4 و دەمانچەیەكدا. 

لێرەوە تەواوی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و دەوروبەری دڵنیا دەكەینەوە كە تەواوی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە خزمەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سەروماڵ و ئەمنییەتیاندا دەبن و هێزی تایبەتی بارەگاش بە بێ‌ جیاوازی لە هەموو كەسێك دەپێچیێتەوە، لە پێناو پاراستنی زیاتری دۆخی ئەمنی شارەكەو رێگری لە كار و رووداوی نەخوازراو. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure