كۆچكردنى 800 ماڵى هه‌ڵه‌بجه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 515‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌رپرسێكى دیوانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵ، ته‌نها 91 ماڵ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كۆچییان كردووه‌ بۆ شار و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم، ئه‌و هه‌واڵانه‌شى كه‌ باس له‌ كۆچكردنى 800 ماڵ ده‌كه‌ن دوورن له‌ڕاستییه‌وه‌.

 
بێساران محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ناوخۆ له‌ دیوانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاى راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ باس له‌ كۆچكردنى 800 ماڵ ده‌كرێت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ شار و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم، به‌ڵام پاش به‌دواداچونمان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ژماره‌كه‌ زۆر كه‌متره‌ و له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵه‌وه‌ ته‌نها 91 ماڵ كۆچیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌.

وتيشى، له‌ هه‌موو سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و 91 ماڵه‌ كۆچییان كردووه‌ نه‌ك ناو سه‌نته‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ و زۆربه‌شیان بۆ سنورى سلێمانى و هه‌ولێر و گه‌رمیان رۆشتوون، بۆیه‌ ئه‌و ژمارانه‌ى كه‌ له‌ هه‌ندێك راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ناوى سه‌رچاوه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ دوورن له‌ڕاستییه‌وه‌، ژماره‌ى راستى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بڵاوى ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ روونیكرده‌وه‌، هۆكارى كۆچكردنى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ ژیان و گوزه‌رانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێك خوێندكاریان هه‌یه‌ و له‌ زانكۆكانى دیكه‌ وه‌رگیراون له‌پێناو ئه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى كه‌متر بكه‌ن بارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكى دیكه‌ له‌و ماڵانه‌ى باریانكردووه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆیان خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌بوون و ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانى خۆیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure