هه‌ڵه‌بجه‌: له 6 مانگى ئه‌مساڵدا 51 هاووڵاتى بونه‌ته‌ قوربانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2018‌ :: 425‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵه‌وه‌ 46 ڕووداوى هاتوچۆ له‌ سنوره‌كه‌دا تۆماركراون كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 47 كه‌سیش بریندار بوون، هاوكات به‌راورد به‌ ساڵى ڕابردوو ڕووداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ سنوره‌كه‌دا زیادیان كردووه‌.

عه‌قید فازیل حه‌مه‌ ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تاى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ 46 ڕووداوى هاتوچۆ تۆماركراون كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ چواركه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 47 كه‌سى دیكه‌ش برینداربوون و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى 51 كه‌س بونه‌ته‌ قوربانى كه‌ 18 ڕووداویان به‌هۆى ماتۆڕسكیله‌وه‌ بووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 384 مۆڵه‌تی شۆفێری بۆ هاووڵاتیان ده‌رهێنراوه‌ كه‌ 124 مۆڵه‌تیان له‌ گشتى و 260 مۆڵه‌تى دیكه‌شیان له‌ جۆرى تایبه‌ت بووه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى دیكه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسكیلی بێ‌ سه‌ره‌تا و بێ‌ ژماره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، به‌راورد به‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردوو، ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیادیانكردوه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی ڕابردوودا 31 ڕووداى هاتوچۆ تۆماركراون كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ 36 كه‌س بونه‌ته‌ قوربانى، له‌و ژماره‌یه‌ 32 بریندار و چوار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure