ئێران؛ تویته‌كاتى تره‌مپ 10 دۆلار نرخى نه‌وتى به‌رزكرده‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 06/07/2018‌ :: 786‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌رپرسێكى كه‌رتى وزه‌ى ئێران داواى له‌ دۆناڵد تره‌مپ كرد، چیتر تویته‌كانى ده‌رباره‌ى نه‌وت  بڵاونەكاته‌وه‌، چونكه‌ نرخه‌كانى نه‌وت له‌ بازاڕیشدا به‌رزده‌كاته‌وه‌.

حسین كازمپور، نوێنه‌رى ئێران له‌ رێكخراوى ئۆپێك رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 5ى حوزه‌یران، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تویته‌كانى تره‌مپ كاریگه‌رى له‌سه‌ر بازاڕه‌كانى نەوت هه‌بووه‌ و نزیكه‌ى 10 دۆلار نرخه‌كه‌ى به‌رزكردوه‌ته‌وه‌.

كازمپور رونیكردوه‌ته‌وه‌، ئۆپێك له‌ ماوه‌ى 30 ساڵى رابردوودا نرخه‌كانى نه‌وتى دیارى نه‌كردوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ "بازاڕ بووه‌ نرخى نه‌وتى دیاریكردوه‌".

نوێنه‌ره‌کەى ئێران له‌ ئۆپێك، سه‌رۆكى ئه‌مریكای تۆمه‌تباركردوه‌ به‌وه‌ى كه‌ هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كانه‌، به‌هۆى سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر كاڵاوشمه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا.

هه‌روه‌ها داواى له‌ تره‌مپیش كرد چیتر تویته‌كانى بڵاونه‌كاته‌وه‌، نوسیویه‌تى "به‌سه‌ ئه‌گه‌رنا نرخه‌كان زیاتر به‌رزده‌بنه‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئێران پێیوایه‌  و ده‌ڵێت "تره‌مپ له‌ڕێگه‌ى تویته‌كانیه‌وه‌ زیان به‌ پیاوچاكانى ناو ئۆپێك ده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رگرییان لێده‌كات، تۆ گومان له‌ دڵنییان ده‌كه‌ین و سه‌روه‌رییان پێشێل ده‌كه‌یت، پێشبینى ده‌كه‌ین باشتر بیت".

تره‌مپ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ تویتێكدا نوسیبووى "ئۆپێك" باش كار ناكات بۆ وه‌ستاندنى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كانى نه‌وت و داواشى كردبوو كه‌ به‌په‌له‌ كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure