مه‌رزى په‌روێزخان ترانزێت ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 05/07/2018‌ :: 842‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان له‌ سنورى گه‌رمیان له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتووه‌ ترانزێت ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێنج مادده‌ و كاڵاش ده‌ست پێده‌كه‌ن.


عه‌لى تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمه‌ڵگاى ده‌روازى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 7ى نیسان، له‌ مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان بۆ یه‌كه‌مجار ترانزێت ده‌كرێته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاشدا وه‌كو تاقیكردنه‌وه‌ به‌ پێنج كاڵا و مادده‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌ "ئۆتۆمبیلى گه‌وره‌ و بچووك، مادده‌ پلاستیكییه‌كان، برنج، ڕۆنى رووه‌كى".

وتیشى "ترانزێت سودێكى باشى ده‌بێت له‌ڕووى زیادكردنى داهات و ره‌خساندنى هه‌لى كار، هه‌روه‌ها به‌ هه‌رزانتر گه‌یشتنى كاڵا و مادده‌كان به‌ ناوچه‌كه‌. هاوكات سودێكى باشى ده‌بێت له‌ بووژانه‌وه‌ى مه‌رزه‌كه‌ و هه‌روه‌ها سنووره‌كه‌ش كه‌ پێیدا هاتووچۆ ده‌كه‌ن". 

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ حوسێن ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گومركى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئاماده‌كارى ته‌واویان بۆ كردنه‌وه‌ى ترانزێت له‌ مه‌رزه‌كه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها كارمه‌ندى تایبه‌تی بۆ دانراوه‌ و خولى راهێنانیشیان پێكراوه‌ و ئاماده‌ى ته‌واویان هه‌یه‌". 

مه‌رزى په‌روێزخان له‌ ناوچه‌ى گه‌رمیان ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنورى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ و له‌ ساڵى 2011ه‌وه‌ كراوه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تى. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure