"هاووڵاتیان زۆر كاره‌با به‌كارده‌هێنن و كاره‌باش ده‌دزرێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 05/07/2018‌ :: 451‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌با رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه‌غاز كراوه‌، 100 ملیۆن پێ سێجا غازى سروشتى زیاد ده‌كرێت، بۆیه‌ "له‌ كۆتایى مانگى 8 دا كێشه‌ى كه‌مى كاره‌با نامێنێت". محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت "هاووڵاتییان كاره‌با زۆر به‌كارده‌هێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌كى زۆر هه‌یه‌ و كاره‌باش ده‌دزرێت".

دواڕۆژ: ئێستا خواست له‌سه‌ر كاره‌با چه‌ند مێگاواته‌؟ هه‌رێمى كوردستان بڕى چه‌ند مێگاواتى پێویسته‌ بۆ دابینكردنى كاره‌باى 24 كاتژمێرى؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى كاره‌با زیادى كردووه‌، بۆ نموونه‌ تا دوێنێ (4/7) ئێران 1300 مێگاواتى ده‌دا به‌ عێراق، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وانیش كێشه‌ى كاره‌بایان هه‌یه‌ بڕیویانه‌. خواستى به‌كارهێنانى كاره‌با تا ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ده‌گه‌یشته‌ 3500 مێگاوات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنى شه‌پۆلى گه‌رما به‌رز بووه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 4500 مێگاوات. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى جێگیر كاره‌با بدرێت و زیاده‌ڕه‌ویى نه‌مێنێت پێشبینى ده‌كه‌ین بۆ كاره‌باى 24 كاتژمێرى كه‌متر له‌ 4 هه‌زار مێگاواتمان پێویست بێت.

دواڕۆژ: بۆچى پێشوه‌خت سووته‌مه‌نى پێویست بۆ وێستگه‌كانى به‌رهه‌مێهانى كاره‌با دابین ناكه‌ن، تا هه‌موو ساڵێك ئه‌م كێشه‌یه‌ روونه‌دات؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: قه‌یرانى دارایى راسته‌وخۆ له‌ سێكته‌رى وزه‌دا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌ت دابینكردنى مووچه‌یه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا رێژه‌ى گازى سرووشتى زیاد ده‌كرێت، به‌مه‌ش ده‌توانین نزیكه‌ى 500 مێگاوات كاره‌باى زیاتر به‌رهه‌مبهێنین، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن خه‌رجییان هه‌یه‌، ده‌بێت له‌ هه‌موو سه‌رى مانگێكدا پاره‌یان بۆ دابین بكرێت ئه‌گه‌رنا ناتوانن كار بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه‌ دواى رێككه‌وتنى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه‌غاز ده‌ستیان به‌ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌ كردووه‌، له‌ كۆتایى مانگى 8 دا بڕى 100 ملیۆن پێ سێجا غاز زیاد ده‌كرێت بۆ ناو تۆڕى غاز-ى سرووشتیى هه‌رێم، ئێمه‌ش ده‌توانین به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با زیاد بكه‌ین. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و كاره‌بایه‌ى به‌رهه‌مى ده‌هێنین و ده‌درێت به‌ هاووڵاتییان له‌ وڵاتى ئوردن باشتره‌، به‌ڵام ئه‌وان سیستمێكى به‌هێزى دابه‌شكردنیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیى بكاته‌ سه‌ر كاره‌با ده‌یده‌نه‌ دادگا، له‌ هه‌رێم ناتوانرێت یاسا و رێنماییه‌كان وه‌كو خۆیان جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌گه‌ر خودى هاووڵاتى هاوكارمان نه‌بێت. 

دواڕۆژ: چه‌ند وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ هه‌رێم هه‌یه‌، رۆژانه‌ بڕى چه‌ند سووته‌مه‌نییان پێویسته‌؟
محه‌مه‌د ئه‌مین:  وێستگه‌ى سه‌ره‌كى بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ چه‌مچه‌ماڵ-ه‌، جگه‌له‌وه‌ وێستگه‌ى هه‌ولێر له‌ پیرداود و هه‌روه‌ها له‌ خورمه‌ڵه‌، هه‌رسێكیان سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى كاره‌باى كوردستانن. هاوكات وێستگه‌ى بچووكیشمان هه‌یه‌. نزیكه‌ى 340 ملیۆن پێ سێجا غازى سرووشتى بۆ وێستگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دابین ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ دهۆك و تاسلوجه‌ و باعه‌درێ رۆژانه‌ نزیكه‌ى 2 ملیۆن لیتر سووته‌مه‌نى شل-یان پێ ده‌درێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ توانامان هه‌یه‌.

دواڕۆژ: 18 وێستگه‌ هه‌ن كه‌ كارناكه‌ن، بۆچى سووته‌مه‌نى بۆ دابین ناكرێت تا كاره‌با به‌رهه‌مبهێنن؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: دۆخى ئابوریى حكومه‌ت و نه‌دانى شایسته‌ى كۆمپانیا هۆكارن، بۆیه‌ به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى داماننا وا نه‌بوو، ئێستا كه‌ غازى سرووشتى زیاد ده‌بێت ئه‌و وێستگانه‌ى وه‌ستاون كاریان پێده‌كرێت و به‌رهه‌مى كاره‌با زیاد ده‌كرێت. نزیكه‌ى 200 وێستگه‌ى دابه‌شكردن له‌ هه‌رێم كاره‌باى بۆ ده‌ڕوات و دابه‌شى ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك به‌ زیاده‌ڕه‌وى له‌ ناحیه‌یه‌ك یان قه‌زایه‌ك كاره‌با دراوه‌ به‌ خه‌ڵك، ئێمه‌ دارى سحریمان پێ نییه‌ بیبڕین، به‌داخه‌وه‌ كاره‌با ده‌دزرێت.

دواڕۆژ: ئایا كێشه‌ كه‌مى كاره‌بایه‌ یان دابه‌شكردن و به‌كارهێنانیه‌تى؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: كاره‌بایه‌كى زۆر له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت و كاره‌باى زۆریش به‌كارده‌هێنن.

دواڕۆژ: كه‌ى كار به‌ پێوه‌رى زیره‌ك ده‌كرێت؟ ئایا نرخى كاره‌با گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا دێت؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاره‌با بدرێت به‌ هه‌موو هاووڵاتییان به‌بێ جیاوازى، باسى نرخ نه‌كراوه‌، حكومه‌ت پاره‌ى كاره‌با به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م وه‌رده‌گرێت، ئامانجى سه‌ره‌كى له‌ كارپێكردنى پێوه‌رى زیره‌ك پێدانى كاره‌بایه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا كارى پێده‌كرێت.

دواڕۆژ: به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌با له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ به‌كوێ گه‌یشت؟ به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى باست كرد له‌گه‌ڵ دانه‌غاز، ئایا ده‌توانرێت چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كاره‌با بكرێت؟

محه‌مه‌د ئه‌مین: ئه‌م گرێبه‌سته‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتییه‌كان و دانه‌غاز-دایه‌، كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى غازى سرووشتیى زیاد بكرێت، له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا جێبه‌جێ ده‌كرێت و كێشه‌ى كاره‌با كه‌مده‌بێته‌وه‌.

دواڕۆژ: ئایا وه‌زیرى كاره‌با به‌ وه‌كاله‌ت و به‌رپرسانى حكومى، وه‌كو هه‌ر هاووڵاتییه‌كى ئاسایى بێ كاره‌با ده‌بن یان كێشه‌ى كاره‌بایان هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د ئه‌مین: كاره‌با كێشه‌ى هه‌موو هاووڵاتییه‌كه‌، له‌ئێستادا حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتییه‌كان هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تگوزاریى كاره‌با به‌ دادپه‌روه‌ریى بگاته‌ هاووڵاتییان، هاوكات ئه‌و نایه‌كسانییه‌ى هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنى كاره‌با نه‌هێڵرێت. ئێوه‌ى راگه‌یاند ئه‌گه‌ر ماڵى هه‌ر به‌رپرسێك ده‌زانن كه‌ كاره‌باى به‌رده‌وامى هه‌یه‌، ره‌سمى بگرن و بڵاوى بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ین و بیبڕین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure