تای خوێنبەربوون

هەواڵ / چاوی تۆ :: 05/07/2018‌ :: 8083‌ جار بینراوە

شێرزاد حەسەن رەزا... پسپۆری مایکرۆبایلۆژی پزیشکی
په‌تای کۆنگۆ (CCHF) یاخود تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات بەناوی (Nairovirus) و لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوک "گەنە" كه مشەخۆڕێكی خوێن مژە لەتیرەی جاڵجالۆكەییەكانە، هەڵیدەگرێت. لە نەخۆشیەکەکانی (tick borne disease ) دەناسرێت. ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا بڵاوە.
زۆرینەی ئاژەڵە وشکاییەکان و ماڵییەکان لە مەڕوماڵات و بزن بە خانەخوێی ئەم ڤایرۆسە دادەنرێن. لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی باڵندەکان بەرگرییان بۆی هەیە بەڵام بەخیرایی کاریگەریی لە حوشترمرخ(نەعامە)دا دەردەکەوێت.

گواستنەوەی بۆ مرۆڤ
نەخۆشییەکە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگی جیهانیی دووەمدا سەریهەڵداوە. نزیکەیی10-40% ى ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. لە عێراقدا لە ساڵی 1979 یەکەم حاڵەت تۆمارکراوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لە رێگای ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و  تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵەکە دیار نین.

رێگاکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:
1- پێوەدان و گەستنی گەنە-ی هەڵگری ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ و بە تێکەڵاوبوونی شلەی هەردوولا و چوونی ڤایرۆسەکە بۆ لەش و گەیشتنی بە کۆئەندامی سووڕی خوێن،  ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێنبەربوون دەبێت. یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر شلەی جەستەی مرۆڤ بکەوێت، کەسەکە تووشی ڤایرۆسی نەخۆشییەکە دەبێت و سووڕی ژیانی ڤایرۆسەکە دەست پێدەکات.

2- سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت. لە بەروبوومەکەیشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت. هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت. پێویستە سەرجەم بەربوومە ئاژەڵیەکان، پێش بەکارهێنان، گەرمیی ئامادەکردنی بگات بە سەروو 72 پلەی سەدی بۆ شیر و پلەی کوڵان-یش لە گۆشتدا.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە 
1- دەرکەوتنی نیشانەکانی پەیویستە بە ماوەی کڕکەوتنی ڤایرۆسەکەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و نەخۆشییەکە بە تا-یەکی بەرزی دەناسرێتەوە، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت، هەروەها هەوکردنی چاو وهەستیاریی بینین، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات. لە سەرجەستە و پێستیش هەستى پێدەکرێت.

2- بەشێوەیەکی دیار نەخۆشەکە لە دەم و لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشت وسەر پەلەکانیش پەڵەی خوێنبەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا پێویستە بەزووترین کات دەست بە چارەسەرکردن بکرێت. کۆنترۆڵی نەخۆشەکە بکرێت بە جیاکردنەوەی نەخۆش لە خەڵک و خێزان و نه‌خۆشەکانی تر.

دەستنیشانکردن لە تاقیگەدا
لە تاقیگەدا دەتوانرێت ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون دەستنیشان بکرێت بە چەند رێگەیەکی پێشکەوتوو کە خۆشبەختانە ئێستا ئەو ئامێرانە لە کوردستان وعێراقدا کاریان پێدەکرێت.
‎1ـ رێگەی ناسینەوەی ئەنزیمی 
‎2ـ رێگەی ناسینەوەی سیرۆلۆجی و دژە تەنەکان 
‎3ـ رێگەی کارلێکی زنجیرەی پۆلیمەرەیەس بە ترشە ناوکی ڤایرۆسەکە بە ئامێری RT-PCR.
‎4ـ رێگەی چاندنی ڤایرۆسی لە خانەدا.

رێگاکانی کۆنترۆڵ و چارەسەرکردن
بەشێوەیەکی گشتی پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە هەموو تا و خوێنبەربوونێک نەخۆشی (پەتای کۆنگۆ) نییە، بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاریی ئاژەڵی کردبێت، یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یاخود تێکەڵیی لەگەڵ ئاژەڵ هەبێت، یان لە جێگایەک بووبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، هەربۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت.

پێویستە لە نەخۆشخانە جیابکرێتەوە لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، چونکە زۆرجار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی تر، هاوکات بەگوێرەی نیشانەکانی چارسەر دەکرێت، تای هەبوو دەرمانی تای پێدەدرێت، خوێنی کەم بوو خوێنی تێدەکرێت، یان سکچوون و ڕشانەوەی هەبوو، دەرمانی تایبەت بە سکچوونی پێدەدرێت، لەگەڵ دەرمانێکی دژە ڤایرۆس.

نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە رێژەی لە 30-40%  و لە 70% ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە، ئەگەر زوویش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبوونەوەی ئاسان دەبێت لەلایەن تیمە پزیشکە تایبەتەکانی نەخۆشخانەکانەوە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن:
1- دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان وشوێنە گشتییەکان و ماڵ و گوند و باخە تایبەتەکان و سەیران.

2- ئەو کەسانەی گۆشتفرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆئەوەی نزیکنەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە بەمەبەستی کڕین سەردانیان دەکەن، دەبێت بە ئاگابن.

3- نەچوونی مرۆڤ بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە، بەتایبەتی گەوڕ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵان و كولانه‌ى په‌له‌وه‌ر و قەسابخانەکان.

‎4- هەمئاهەنگی تەواوی نێوان پزیشکانی ڤێتێرنەری و دەزگاکانی خۆپاراستنی تەندروستی.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)
بە پێی دواین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێکخراوە هاوکارەکانی لە سەرانسەری جیهاندا، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ژێر کۆنترۆڵدایە و تائێستا لە رێگەی چاودێریی تەندروستییەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی ئاگایی دراوە لەسەر نەخۆشیەکە لەو وڵاتانەی جێگەی مەترسین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure