بەهۆی گەرماوە 15 کەس لە وڵاتێک گیان لەدەستدەدەن

هەواڵ / جیهان :: 04/07/2018‌ :: 1733‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ چوارشەممە تەندروستی کەنەدا رایگەیاند، لایەنی کەم 15 کەس لەم هەفتەیەدا بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە گیانیان لەدەستداوە.


رۆژنامەی "لا تریپۆن" لە هەواڵێکیدا کە لە تەندروستی کەنەداوە وەریگرتووە ئاشکرایکردووە، لایەنی کەم پێنج کەس لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کەنەدا گیانیان لەدەستداوە، بەوەش رێژەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە لەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە 15 کەس.

هاوکات پزیشکێک بە تەلەفزیۆنێکی ناوخۆی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، قوربانییەکانی شاری مۆنتریال، زۆربەیان لە چینی بەتەمەنەکان یان ئەو کەسانەن کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان ئەوانەی ئامێری ساردکەرەوەیان نییە.

ئەمڕۆ چوارشممە پلەی گەرما لە شاری مۆنتریال گەیشتە 34 پلەی سەدی، هاوکات رێژەی شێ لەسەدا 40ی تێپەڕاندووەو لە باشوری شاری کیپیکیش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە باری نائاسایی راگەیەندرا.

ئەمەش جاری یەکەمە حاڵەتی مردن لە کەنەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە تۆماربکرێت لەدوای ساڵی 2010-وە کاتێک 100 کەس لە مۆنتریال گیانیان لەدەستدا.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure