بەهۆی نەخۆشی (تای خوێنبه‌ربوون)ەوە هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 05/07/2018‌ :: 1152‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ گه‌رمیان ڕێوشوێنی پێویست دژی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون ده‌گیرێته‌به‌ر و هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵیش له‌ ئێران و كه‌ركووك و دوو پارێزگای عێراقەوە قه‌ده‌غه ‌ده‌كرێت.


نه‌خۆشی "تای خوێنبه‌ربوون" نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی گوازراوه‌یه‌ و له‌نێو ئاژه‌ڵدا له‌ڕێگه‌ی مێرووی "گه‌نه‌"وه‌ ته‌شه‌نه‌ دەكات و پاشانیش به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی ئاژه‌ڵی تووشبوو به‌ مرۆڤ نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گوازیته‌وه‌.

عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ڕێگه‌ی پاككردنه‌وه‌ و رژاندنی ده‌رمان و دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ ئاژه‌ڵداران رێوشوێنی پێویست گیراوه‌تەبه‌ر و هاوكات له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانیانه‌وه‌ چاودێری بازاڕ و سه‌ربڕینخانه‌كان ده‌كه‌ن و رێنماییشیان داوه‌ته‌ هاووڵاتیان خۆیان به‌ دوور بگرن له‌و ئاژه‌ڵانه‌ی مه‌ترسی ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشییه‌یان لێده‌كرێت".

وتیشی "داوامان له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان كردووه‌ له‌پێناو پاراستنی هاووڵاتیان، هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ له‌ ئێران و پارێزگاكانی دیاله‌ و كه‌ركووك و سەڵاحه‌دینەوە قه‌ده‌غه ‌بكرێت و ئیداره‌ی گه‌رمیان ره‌زامه‌ندی پیشان داوه‌ و له‌مه‌ودوا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت".

له‌باره‌ی چۆنێتی ڕێگریكردن له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌،  سیروان محەمەد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "سه‌رجه‌م بنكه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ له‌ئه‌گه‌ری هه‌ستكردنیان به‌حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستبه‌جێ سه‌رووی خۆیانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ و گرنگی زیاتر بده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رمی له‌شیان به‌رزده‌بێته‌وه‌ و دێنه‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان".

وتیشی "له‌ سنووری گه‌رمیان خۆشبه‌ختانه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ و رێوشوێنی پێویستیشمان گرتووه‌ته‌به‌ر".

 یونس ئه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ وه‌كاله‌ت به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون له‌ خوارووی عێراق و تۆماركردنی حاڵه‌تێكیش له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و كشتوكاڵی گه‌رمیان كۆبووینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێنی پێویست بگیرێته‌به‌ر".

وتیشی "ئیداره‌ی گه‌رمیان هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو و په‌یوه‌ندیدار به‌و نه‌خۆشییه‌ پارێزراوبن".

تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر حاڵه‌تێك تۆماركراوه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه.‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure