سەرپێچییە ژینگەییەكان لە هەڵەبجە روویان لە كەمیی كردووە

هەواڵ / کوردستان :: 04/07/2018‌ :: 596‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەڕێوەبەرایەتی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات، لە شەش مانگی ئەمساڵدا 34 كەس دەستگیركراون کە هەستاون بە ئەنجامدانی راوی نایاسایی و سەرپێچی ژینگەیی و ئاشكراشیده‌كات بە بەراورد بە ساڵی رابردو سەرپێچییەكان كەمیان كردووە.

 
فەرمان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ى ته‌مموزى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵدا هێزەكانمان توانیویانە 34 كەس دەستگیربكەن كە هەستابوون بە ئەنجامدانی راوی ماسی و باڵندە و ئاژەڵی كێوی لە سنورەكە، هەروەها دەستیشمان گرتووە بەسەر 120 كیلۆ ماسی و هەشت ئاژه‌ڵى كوژراو و 14 باڵندەی كێوی جۆراوجۆردا.
 
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا دەستمان گرتووە بەسەر 355 تۆڕی راوەماسی و 23  چەكی جۆری تاپڕ و دوو ئۆتۆمبێل، كه دواتر بە فەرمانی دادوەر سەرجەمی ئەو كەرەستە و ئامێرانە بە بڕی یەك ملیۆن و 28 هەزار دینار فرۆشراونەتەوە و پارەكەشی گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.
 
وتەبێژەكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، بە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ئەنجامدانی سەرپێچییەكان كەمیان كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ماوەیەكی كەمە جیابوەتەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی، پێویستمان بە كارمەند و ئامێر و ئۆتۆمبێلی زیاتر هەیە بەتایبەت لە وەرزی قەدەغەكردنی راوی ماسی و باڵندە كێوییەكان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure