له‌كه‌ركوك وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ كۆبوه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 04/07/2018‌ :: 960‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ته‌مووز وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌گای لیوای یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر كۆبونه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ستی دواڕۆژ كه‌وتووه‌، وه‌فده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی پله‌ باڵای هه‌واڵگری سه‌ربازی پێكهاتبوون، له‌لایه‌ن عه‌مید روكن رێبوار عه‌بدوڵا فه‌رمانده‌ی لیوای یه‌كی پیاده‌وه‌ پێشوازیان لێكراوه‌.

یه‌كێك له‌ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ دواڕۆژی وت، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌كی هه‌مه‌هه‌نگی كرا له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ هه‌ندێ شوێن كه‌ ببێته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ دروستبونی هێزی هاوبه‌ش.

وتیشی، جه‌ختكرایه‌وه‌ كه‌ هه‌مه‌هه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولادا دروستبكرێت به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ترسی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ رێكنه‌كه‌وتوین.

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای فیرقه‌ی 5ی پۆلیسی ئیتیحادی ئاماده‌یبووه‌، داوایكردووه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌رێگه‌ی چه‌ند ئه‌فسه‌رێكه‌وه‌ هاوكاریان بكات به‌تایبه‌ت له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانیان بۆ ده‌وروبه‌ری خورماتوو كه‌ زیاتر شاره‌زای جوگرافیای ناوچه‌كه‌ و، پێگه‌كانی داعشن.

فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌یش ئه‌و داوایه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كانیان ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌.

دواڕۆژ، هه‌وڵیدا زانیاری زیاتر وه‌بگرێت له‌ فه‌رمانده‌ی لیوای یه‌ك و جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌ست نه‌بوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure