ئەو كه‌سەی مریشكە مردارەوەبووەكانی فڕێدابووە ئاوی زەڵمەوە دەستگیركرا

هەواڵ / کوردستانی :: 04/07/2018‌ :: 3395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ئەو کەسەی نزیكەی سێ‌ هەزار مریشكی مردارەوەبووی فڕێدابووه ناو سەرچاوەی ئاوی زەڵم دەستگیرکرا و، خاوەنی یەكێك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی ناوچەكەیە.

 
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە نزیكەی سێ‌ هەزار مریشكی مردارەوەبوو فڕێدرانە ناو سەرچاوەی ئاوی زڵم، دەستبەجێ‌ لێكۆڵینەوەكانمان لەوبارەیەوە دەستپێكرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خورماڵ و ڤێترنەری هەڵەبجە لیژنە پێكهێنرا بۆ پشكنینی مریشكەكان بۆ ئەوەی خاوەنی كێڵگەكە پەلەوەرییكە بدۆزرێتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوت كە ئەنجامدەری ئەو كارە یەكێك لە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەرە لە گوندی بانیشار كە دەكەوێتە سنوری ناحیەی خورماڵ، بۆیە دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس ئەو كەسەیان دەستگیركردووە و لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی هەڵەبجەشەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە، هاوكات خودی دادوەریش ئەو سزایانە دیاری دەكات بۆ تۆمەتبارەکە.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ‌ و ئەمڕۆش لیژنەكانی شارەوانی ناحیەی خورماڵ و سیروان و كۆمپانیای گارێكیس كە تایبەتە بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناوچەكە دەستیان بە پاككردنەوەی ئاوەكە كردووە و سەرجەم مریشکەكانیان دەرهێناوەتەوە و لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك كراون بەژێر خۆڵەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure