عێراق له‌ جێبه‌جێكردنى به‌ڵێنێكى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2018‌ :: 692‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو ئه‌مساڵ جوتیارانى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌نمه‌كانیان له‌ بنكه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ ناحیه‌ى سیروان وه‌ربگیرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تى بازرگانى له‌ جێبه‌جێكردنى به‌ڵێنه‌كه‌ى پاشگه‌زبوه‌ته‌وه‌.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى له‌مساڵدا به‌ نوسراوێكى فه‌رمى داوامان له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق كرد وه‌ك پارێزگا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جوتیارانى سنوره‌كه‌ بكات و دواتر وه‌ڵامى نوسراوه‌كه‌مان به‌ ئه‌رێنى وه‌رگرته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندى درا كه‌ 18 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌ربگیرێت، به‌ڵام دواجار ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانى پاشگه‌زبوه‌وه‌.

وتیشى، بیانوى حكومه‌تى عێراق بۆ وه‌رنه‌گرتنى گه‌نمى جوتیاران بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ تیمه‌كانیان له‌ به‌غداوه‌ دێن بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستیان به‌ خه‌رجییه‌كى زۆر هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها سایلۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بونى نییه‌ و ده‌كرێت ئه‌و 18 هه‌زار تۆنه‌ى كه‌ بۆ جوتیارانى هه‌ڵه‌بجه‌ دیاریكراوه‌ له‌ سایلۆكانى دیكه‌ جێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌. ئه‌وه‌شى وت، بۆیه‌ ئه‌مساڵ گه‌نمى جوتیارانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بنكه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم وه‌رناگیرێت.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا له‌ وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانان هه‌وڵێكى زۆریان خستووه‌ته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق گه‌نمى جوتیارانى سنوره‌كه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام هیچ سوودى نه‌بووه‌، بۆیه‌ داواى لێبوردن له‌ جوتیارانى سنوره‌كه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مساڵ گه‌نمه‌كانیان وه‌رناگیرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure