دادگا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2018‌ :: 585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
جگه‌ له‌و سێ لیسته‌ى كه‌ بڕیاریدراوه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن، دادگا بڕیارێكى ترى له‌باره‌ى لیستى ته‌ڤگه‌رى ئازادى داوه‌ و رێگه‌یان پێنادات به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن.


له‌كاتى تۆماركردنى لیسته‌كان، به‌هۆى كه‌موكوڕى له‌ فۆڕمى 102ى كۆمسیۆن و نه‌بوونى ده‌نگده‌رى شیاو و نه‌بوونى ژماره‌ى مۆبایلى ده‌نگده‌ران، دادگا بڕیاریدا لیستى (هاوپه‌یمانى سورایى و لیستى هاوپه‌یمانى بۆ یه‌كسانى توركمانى و لیستى ئێزیدیى دیموكراتى) به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌كه‌ن.

به‌پێى بڕیارى دادگایه‌كى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم، جگه‌ له‌و سێ لیسته‌ى كه‌ دادگا بڕیارى كۆتایى له‌باره‌یانه‌وه‌دا، رێگه‌ به‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادى كوردستان-یش نادرێت به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن.

سه‌باح كوره‌چى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هاوشێوه‌ى سێ لیسته‌كه‌ى تر، لیستى ته‌ڤگه‌رى ئازادیش كه‌موكوڕى له‌ لیستى 102دا هه‌یه‌، بۆیه‌ دادگا بڕیاریداوه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیش نه‌درێت به‌شدارى بكات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بكات".

له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى دادگا، تارا حوسێن، ئه‌ندامى ته‌ڤگه‌رى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هیچ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ لیسته‌كه‌مان نه‌بووه‌ و بڕیاره‌كه‌ى دادگا بۆ ئێمه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، بۆیه‌ سبه‌ى سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كه‌ین بۆ كێشه‌كه‌ و تا ئه‌وكات نامانه‌وێت هیچ لێدوانێك له‌وباره‌وه‌ بده‌ین".

بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و تائێستاش 38 قه‌واره‌ و لیست و 3 هاوپه‌یمانیه‌تى به‌ڕه‌سمى له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم په‌سه‌ندكراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure